شێخ جەعفەر: لە سنووری خانەقین داعش بە ئاشكرا هێرش دەكەن

شێخ جەعفەر: لە سنووری خانەقین داعش بە ئاشكرا هێرش دەكەن
بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین گوتی، جموجۆڵی داعش بە جۆرێك زیادی كردووە، كە ئێستا بە ئاشكرا هێرش دەكەن و بۆشاییەكی ئەمنیی گەورەش دروست بووە، بۆیە تاكە چارەسەر، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەكە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، رایگەیاند، لەو ئۆپەراسیۆنەی لە سنووری خانەقین كرا، ژێرزەمین دۆزراوەتەوە، كە شوێنی چارەسەركردنی برینداریشی تێدا بوو، ئەمەش كارەساتە لە ناوچەكەدا داعش بەو شێوەیە و بە ئاشكرا هەبێت، ئێستاش فێر بوون بە قەنناس تەقە لە پاسەوانەكان دەكەن و دەیانكوژن و دواتر هێرش دەكەنە سەریان بە شێوەیەكی ئاشكرا و لە رێگەی هاوەنیشەوە، كە لە چەند رۆژی ڕابردوودا دوو جار تەقە لە هێزی پیشمەرگە و حەشدی شەعبی كراوە و دواتریش هاوەنباران كراون.

شێخ مستەفا گوتیشی، لە سنووری ئیمام وەیس كە زنجیرە شاخێك هەیە، داعش بە ئاشكرا هێرشیان كردبووە سەر هێزە عێراقییەكان و هاووڵاتییەك شەهید كرابوو، بۆیە داعش جموجۆڵی زۆر زیادی كردووە، بە جۆریك ئێستا هێرش دەكەن.

ناوبراو روونیشی كردەوە، ئەو داعشانە، سوننەكانی ناوچەكەن و زیاتریش عەشیرەتی كروین، بۆیە بۆشاییەكی گەورەی ئەمنی هەیە و هێزە عێراقییەكانیش زۆر ترساون و شەوان ناوێرن دەربچن و تا رۆژ دەبێتەوە پارێزگاری لە خۆیان دەكەن، بۆیە باشترین چارەسەر، گەرانەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەكە.

kdp-
Top