لەبارەی پەلاماردانی گەنجە کوردەکەوە قایمقامی فەللوجە پەیامێک بۆ خەڵکی کوردستان دەنێرێت

لەبارەی پەلاماردانی گەنجە کوردەکەوە قایمقامی فەللوجە پەیامێک بۆ خەڵکی کوردستان دەنێرێت
قایمقامی شارۆچکەی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار، دوای پەلاماردانی گەنجێکی کورد لە شارۆچکەکەی، پەیامێک بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

ئەمڕۆ شەممە 17-8-2019، عیسا سایر، قایمقامی فەللوجە لە پەیامێکدا، رایگەیاندووە، ئەوانەی لەو گەنجە کوردەیان دا، “کەسانی سەرخۆش بوون”.

عیسا سایر داوای لێبووردن لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و رایگەیاندووە، لێدان لەو گەنجە کوردە ”هەڵسوکەوتی خەڵکی فەللوجە نییە“.

قایمقامی فەللوجە بە ستایشکردنەوە ئاماژەی بە لەخۆگرتنی هەزاران کەسی خەڵکی فەللوجە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت هەولێر کردووە، کە ئەو عەرەبانەی فەللوجە لە ترسی میلیشیا تائیفییەکان پەنایان بۆ کوردستان هێناوە.

عیسا سایر بەڵێنی لێپێچینەوە و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی دا کە پەلاماری گەنجە کوردەکەیان داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەو هەڵسوکەوتە لەگەڵ ئەخلاقی فەللوجەییەکان یەک ناگرێتەوە.

هونەر کە گەنجێکی خەڵکی هەولێرە و ئێستا لە فەلووجە چێشتخانەی هەیە، ڕايگەیاند کە یەکێک لەو کەسانەی پەلاماریان داوە، ئەفسەری حەشدی شەعبییە بە پلەی نەقیب و بەهۆی جلی کوردییەوە پەلاماری داوە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو لە منداڵییەوە هەر جلی کوردی لەبەر کردووە و حەز ناکات جلی دیکە بپۆشێت، بەڵام پەلاماردەرەکان پێیانگوتووە کە جلی کوردی قەدەغەیە.











باسنيوز
Top