سەرکردەیەکی پەدەکەسە: بەبێ ئێمە ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان سەرکەوتوو نابێ

سەرکردەیەکی پەدەکەسە: بەبێ ئێمە ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان سەرکەوتوو نابێ
سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان-سوریا (پەدەکەسە) رایدەگەیەنێت، بەبێ لەشکری رۆژ و ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كورد له‌ سوریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌)، ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان سەرکەوتوو نابێت.

نوری بریمۆ، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پەدەکەسە، کە حزبەکەی ئەندامی ئەنەکەسەیە رايگەیاند، هه‌وڵ ده‌ده‌ن رۆڵێك به‌ ئەنەکەسە و له‌شكری رۆژ له‌ ناوچه‌ی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان بدرێت.

نوری بریمۆ هەروەها رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەی ئارامە لەلایەن ئەنەکەسە و لەشکری رۆژ بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا و ئەگەر ئەو دوو وڵاتەش بە بەشداریی ئەنەکەسە و لەشکری رۆژ رازی نەبن، ئەوا ”ناوچەی ئارام سەرکەوتوو نابێت“.

بریمۆ جەختی لەوە کردەوە، کە ئەنەکەسە سەر بە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەو و نییە و لەشکری رۆژیش هێزێکی نیشتمانیی رۆژئاوای کوردستانە و هەردوولاش لە خەڵکی رەسەنی ئەو بەشەی کوردستان پێکهاتوون.

ئەو سەرکردەیەی پەدەکەسە راشیگەیاند، له‌شكری پێشمه‌رگه‌ی رۆژ هێزێکی قبوڵكراوه‌ و له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش مه‌شق پێكراوه‌ و رۆڵێکی کاریگەری لە شەڕی دژی تیرۆریستانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بینیوە.

لەشکری رۆژ لە زیاتر لە سێ هەزار کوڕ و کچی رۆژئاوای کوردستان پێک هاتووە. ئەو گەنجانە بەهۆی زەبروزەنگی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناچار بوون روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو گەنجانەی لەژێر ناوی لەشکری رۆژ کۆ کردەوە و لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، مەشقیان پێکراوە و رۆڵێکی کاریگەریان لە شکستپێهێنانی داعش لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان و شاری مووسڵ، هەبوو.












باسنيوز
Top