ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر: پرۆژەی ئیفراز سێ كە بۆ كەسنەزان ڕۆیشتووە، ئێستا ٥٠٪ی كار دەكات
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ڕاگەیاند: ”پرۆژەی ئیفراز سێ كە بۆ كەسنەزان ڕۆیشتووە، ئێستا ٥٠٪ی كار دەكات و یەك دوو بەش لە پرۆژەكە ماوە كە كۆمپانیاكە تەواوی بكات، بۆیە تا تەواو نەكرێت، ئەو كاته١٠٠٪ی پرۆژەكە ناتوانێت وەك خۆی كار بكات“.
ڕوونیشی كردەوە كە ئێستا ئەو ٥٠٪یهى پرۆژەكە كە كاری پێ دەكرێت، كێشەكانی ئاوی كەسنەزانی پێ چارەسەر دەكرێ، ئەگەرنا ئەو پرۆژەیە بۆ گەڕەكەكانی كەسنەزان و قەرەبووی ڕۆژهەڵاتی هەولێرن، بۆیە دوای تەواو دەستبەكاربوونی پرۆژەكە ئەوا ئاو بە گەڕەكی قەرەبووش دەدرێت.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ئاشكراشی كرد: ”بڕیار وایه لە ناوەڕاستی مانگی ٩ی ئەمساڵدا، تەواوی پرۆژەكە دەست بەكار ببێت و ئەو بەشانەی تەواو نەكراون، تەواو بكرێن“
ئەوەشی خستە ڕوو كە پرۆژەكە تەنیا گەڕەكەكانی كەسنەزان و قەرەبوو دەگرێتەوە، گەڕەكەكانی ئاشتی و لاوان ناگرێتەوە، چونكە تا ئێستاش ئەو گەڕەكانە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بەڕێوە دەبرێن، گوتیشی: ”تا ئێستا ٢٠ هەزار پێوەری ئاو لەو سنوورەدا دانراون، دەبێت هەموو ئەو ماڵانەی لە تۆڕەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو سوودمەندن، پێوەری ئاویان هەبێت، تا بەو پێوەرە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت“.
لەبارەی دەنگۆی قۆرخكاریی ئاوی پرۆژەكە لەلایەن چەند بەرپرسێكی كەسنەزانەوە، ئاری ئەحمەد ڕەتی كردەوە كه شتێكی لەو جۆرە هەبێت و ئاماژەی بەوە كرد: ”هیچ قۆرخكارییەك لەو كارەدا نییە، چونكە خۆمان پڕۆژەكە بەڕێوە دەبەین و ئهو ئاوهش تەنیا بەشی كەسنەزان دەكات“.
باسنیوز
