كوردەكانی داقووق لە ترسی داعش و هێزە عێراقییەكان كۆچ دەكەن

كوردەكانی داقووق لە ترسی داعش و هێزە عێراقییەكان كۆچ دەكەن
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە داقووق گوتی، فشارێكی زۆر لەلایەن داعش و هێزە عێراقییەكانەوە لەسەر كوردەكانی سنووری داقووق هەیە و شەوانە هێرشیان دەكرێتە سەر و لە ترسی ئەوانیش خەڵك كۆچ دەكات، كە تەنها لە دوو هەفتەی ڕابردوودا 30 خێزان كۆچیان كردووە، ئەگەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت، تا ماگی 10 خەڵكێكی زۆری كۆچ دەكەن و ناوچەكە چۆڵ دەبێت.

هیوا رەشید، رایگەیاند، لە سنووری شارۆچكەی داقووق شەوانە بە ناوی داعشەوە هێرش دەكرێتە سەر گوندە كوردنشینەكان، بە تایبەت گوندەكانی تاڵەبانی و داودە و كاكەیی و دارا و هەفتەغار و مەنسوور و تەقە لە گوندەكان دەكرێت و هێرشی سەر ماڵان دەكرێت، دواتریش هێزە عێراقییەكان بە ناوی پشكنین دەچنە سەر ماڵە دەوڵەمەندەكان و دەیانڕفێنن و تەنها لە چەند رۆژی ڕابردوودا چوار كەس رفێندراون و چارەنووسیان دیار نییە، یەكێك بە ناوی حوسێن عەتیە، كە كەسێكی دەوڵەمەندە و پێش چەند رۆژێك بەرەنگاری داعش بووەوە و گولـلە بەر ماڵی كەوتووە، دواتر هێزە عێراقییەكان رفاندوویانە و چارەنووسی نادیارە.

رەشید گوتیشی، فشارێكی زۆر لەسەر گوندە كوردییەكان هەیە، لەلایەك داعش كە شەوانە تەقە لە گوندەكان دەكەن و لەلایەكیش هێزە عێراقییەكان بە ناوی پشكنین هێرش دەكەنە سەریان، بۆیە خەڵك كۆچ دەكەن و تەنها لە دوو هەفتەی ڕابردوودا 30خێزان ناوچەكەیان جێهێشتووە.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت و دۆخەكە چارەسەر نەكرێت، تاوەكو كاتی دەستپێكردنی قوتابخانە ئەو ناوچانە چۆڵ دەكرێن، چونكە فشاری زۆر لە خەڵك دەكرێت ناوچەكە چۆڵ بكەن.

دەشڵێ، تاكە چارەسەر بۆ ئەو دۆخە ئەوەیە، كە پێویستە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە و وەكو پێشوو پارێزگاری لەو خەڵكە بكات.



kdp -
Top