بەشێك لە هاووڵاتیان بە قوربانیكردن ژینگەیان پیس كردووە
گۆران قادر سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ڕايگەیاند بە داخەوە ھەندێك لە ھاووڵاتیان لە قوربانیکردندا ئاژەڵەکانیان لە شوێنە گشتیەکان و سەر شەقامەکان کوشتووەتەوە، سیما و ژینگەی ناوچەکەیان پیس كردووە.
گوتیشی ئەوەندی پێمانکرابێت ڕێگریمان لەو ھاووڵاتییانە کردووە و ھەڵمەتی پاککردنەوەشمان بۆ شوێنە پیسکراوەکان دەست پێکردووە.
لای خۆیەوە سەلیم میراودەولی سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی سروشتپارێزی کوردستان ڕايگەیاند ئەوەی کێشەی لەبەردەم ژینگەی کوردستان دروست کردووە نەبوونی یاسایەکی ڕوون و تۆکمەیە بۆ سزادەرانی پیسکەرانی ژینگە، ئەوەش وای کردووە ھاووڵاتیان کەمتر ڕەچاوی پاکوخاوێنی ژینگە بکەن.
سەلیم میراودەلی گوتیشی لە پەرلەمانی کوردستاندا ھەوڵ دەدەن بە ھاوکاری شارەزایان و خەمخۆرانی ژینگە، یاسایەکی گشتگیر و گرنگ بۆ ژینگە دابنێن، کە لە ڕێیەوە زۆرێک لەو کێشە و مەترسیانەی سەر ئەو کەرتە بڕەوێتەوە.
باسنيوز
