دوو ھاوسەر دوای ١٦ ساڵ چاوەڕوانی منداڵێکیان دەبێت
ئەو منداڵە شەوی رابردوو (سێشەممە ١٣-٨-٢٠١٩) لە نەخۆشخانەی بەخشین لە سلێمانی لەدایکبووە و منداڵەکەش کچە. باوکی زەمەن دەڵێت: تەندروستی کچەکەم زۆر باشە و ھەرگیز باوەڕناکەم خوای گەورە ئەم دیارە بەنرخەی پێبەخشیوین.
گۆران فەریق، باوکی زەمەن رایگەیاند: "ھەستێکی زۆر خۆشم ھەیە کە دوای ١٦ ساڵ بووم بە خاوەنی منداڵ، ھیچ شتێک لەوە دڵخۆشترم ناکات کە ئێستا دەتوانم منداڵی خۆم لە باوەشبگرم و تێر ماچی بکەم".
گۆران فەریق لە گوندێ داربەڕوولە سنووری پارێزگای سلێمانی دادەنیشێت و دەشڵێت: "ناوی کچەکەمان ناو ناوە زەمەن، چونکە زەمەنێکە چاوەڕوانی ھاتنەدونیای منداڵمان دەکرد و ئێستا کە خوای گەورە ئەو منداڵەی پێبەخشیون زۆر دڵخۆش و شادوومانم و ئامادەم ھەرچییم ھەیە بیبەخشم، بۆ ئەوەی منداڵەکەم دڵخۆشبێت".
بەگوتەی باوکی منداڵەکە، شەوی رابردوو دایکی لە خۆشیدا خەوی لێنەکەوتووە. ئاشنا محەممەد، دایکی زەمەن بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا من دڵخۆشترین کەسم و ھیچ شتێک لەوە خۆشترنییە خاوەنی کچێکم، من ١٦ ساڵە تامەزرۆی منداڵێک بوو، سوپاس بۆ خودا و سوپاس بۆ ھاوژینەکەیشم کە دوای ١٦ ساڵ ئێستاش ھەر لەگەڵمە".
دایکی زەمەن دەشڵێت: "لەگەڵ کچەکەم لە نەخۆشخانەم و دوای ماوەیەکی دیکە دەگەڕێینەوە ماڵەوە و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە لەمەودوا کاتەکانمان بۆ گەورەکردنی کچەکەم بە باشترین شێوە تەرخان دەکەین".
zagros -
