داعش لە سنووری جەلەولا چالاكییەكانی چڕ دەكاتەوە

داعش لە سنووری جەلەولا چالاكییەكانی چڕ دەكاتەوە
بەرپرسێكی پارتی لە جەلەولا ڕای دەگەیەنێت، ڕێكخراوی تیرۆرستیی داعش لە سنوورەكەدا خۆی ڕێك خستووەتەوە و دەشزانێت كە حەشدی شەعبی ئەجێندای دەرەكی جێبەجێ دەكات و بەرگری لە خەڵك ناكات، بۆیە چالاكییەكانی چڕ كردووەتەوە.

عامر ڕەفعەت، بەرپرسی ناوچەی پارتی لە جەلەولا ڕايگەیاند: ”هێزێكی دیكەی حەشدی شەعبی لە سەلاحەدینەوە بۆ سنوورەكە هێنراوە، داعشیش خۆی ڕێك خستووەتەوە و كار بۆ ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخی ناوچەكە دەكات“.

گوتیشی: ”بە بیانووی داعش حەشدی شەعبی هێزی زیاتر بۆ سنوورەكە دەهێنێت، ئەمە لەكاتێكدایە كە حەشدی شەعبی تەنیا ئەجێندای دەرەكی جێبەجێ دەكات، مەبەستی پاراستنی دۆخی سنوورەكە نییە، بەشەوان داعش كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدات و هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبیش تەنیا ڕەبایەیان لە سنوورەكە هەیە و توانای پاراستنی سنوورەكەیان نییە“.

به‌رپرسه‌كه‌ى پارتى ئەوەشی خستە ڕوو، كە ئێستا فەوجی ٢٨ى سەر بە لیوای ٢٦، بەبیانووی داعش هاتوونەتە سنوورەكە، هێزەكە لە گوندی شێرك بە دیوی حەلوان لە سنووری جەلەولا جێگیر كراوە.

عامر ڕەفعەت ڕوونیشی كردەوە كە ئێستا داعش هەرچەندە لە ڕووی ئیدارییەوە لاواز بووە، "بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزن و دەشزانن كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە سنوورەكەدا ئەجێندای دەرەكی جێبەجێ دەكەن و بەرگری ناكەن، بۆیە چالاكییەكانیان چڕتر كردووەتەوە و هەوڵی ئاڵۆزكردنی دۆخی ناوچەكە دەدەن".

ئاماژەی بەوەش كرد ”داعش ئێستا دەزانێت هێزێكی وەك پێشمەرگە لە سنوورەكەدا نییە تا بەرگری بكات، بۆیە چالاكی دەكات، پێویستە بەزووترین كات هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە سنوورەكە، ئەگەر بێت و هێزە كوردییەكان نەگەڕێنەوە ئەوا تەنانەت ناتوانین لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش ئەو دەنگانەی هەمان بوو، بیهێنینەوە، هاونیشتمانیانمان باجی هەموو ئەمانە دەدەن".










باسنيوز
Top