پەیامنێرێکی کوردستان تیڤی لە سنووری سلێمانی: لە سەلامەتی ژیانی خۆمان و منداڵەکانمان دڵنیا نین

پەیامنێرێکی کوردستان تیڤی لە سنووری سلێمانی: لە سەلامەتی ژیانی خۆمان و منداڵەکانمان دڵنیا نین
شەوی هەینی ڕابردوو دەستڕێژی گوللە لە ماڵی پەیامنێرێکی کەناڵی کوردستان تیڤی کرا بەڵام هیچ کەسێک زیانی گیانی بەرنەکەوت ، دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکە تاوەکو ئێستا کەسی تەقەکەر دەستگیرنەکراوە و ڕۆژنامەنووسەکەش دەڵێ لە سەلامەتی ژیانی خۆمان و منداڵەکانمان دڵنیانین.

فازڵ عومەر، پەیامنێری کوردستان تیڤی لە قەڵادزێ ڕايگەیاند: "شەوی جەژن لە كاتێكدا ئێمە لەگەڵ ماڵی براکانم کە هەرسێکمان لەناو یەک حەوشەدا بەیەکەوە دەژین لەگوندی گردە سپیانی سنووری پشدەر سەرقاڵی مەراسیمی پێشوازیكردن بووین لە میوانەکانمان کە لەدەرەوەی وڵات گەڕابوونەوە، لەناكاو گوێمان لە دەستڕێژییەکی بئ باکانە بوو کە بە ڕوونی دیار بوو مەبەستیان بووە خێزان و منداڵەکانی ئێمە بکەنە ئامانج".

ڕاشیگەیاند: "لە سەرەتای بیستی دەستژی گوللە ئێمە وا بیرمان کردەوە كە تەقە و هاتووچۆی قاچاخچی و پۆلیسی گومرك یان کێشەی کۆمەڵایەتی یەکێک لە گوندنشینەکان بێت کە ئەم کێشانە بە بەردەوامی بەرۆکی گوندەکەیان گرتووە، بەڵام کاتێک سەیرمان کرد نیشانەكانی گوللەی بە ئامانجگرتن و بە ئۆتۆمبێلی میوانەكان و دیواری دەرەوەی ماڵەکەمانەوە دیاربوو کە دەستڕێژی بووە".

ئەو پەیامنێرەی کوردستان تیڤی ئاشکراشیکرد، کە نزیکەی 10 بۆ 12 فیشەك بەر ماڵمان كەوتووە و دوای ئەم ڕووداوەش ئاسایش و پۆلیسی ناوچەکەی ئاگادركردووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە.

گوتیشی: "من و براکانم کێشەمان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکدا نیە و یەکەمینجارە کەسێک نزیک بووبێتەوە لێمان و مەبەستی بووبێت زیانمان پێبگەیەنێت و دەستڕێژییەکەش بەشێوەیەکی هەرەمەكی بووە هەر ئەندامێكی خێزانەكەمان یان میوان و منداڵەکانمان لە دەرەوە بوونایە بەر دەستڕێژییەکە دەكەوتن".

ڕاشیگەیاند: "تائێستا لە لێکۆڵینەوەکانی لایەنی پەیوەندیداردا هیچ شتێک دەرنەکەوتووە و ئێمەش چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین".

هەروەها گوتیشی: "لە سەلامەتی ژیانی خۆمان و منداڵەکانمان دڵنیانین و ترسمان هەیە دووبارە ئەو کەسە نەناسراوانە هێرش بکەنەوە سەرمان".












باسنيوز
Top