پەکەکە منداڵانی سلێمانی چەکدار دەکات و دەیاننێرێتە قەندیل
بەرزان حامد، سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕايگەیاند، ئاگاداری ئەوەین منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵی چوونەتە ناو ڕیزەکانی پەکەکە و ئەوەش جێی نیگەرانییە، چونکە بەپێی هەموو یاساکانی کوردستان و جیهان، چەکدارکردنی منداڵان قەدەغەیە.
بەرزان حامد فریودانی مێردمنداڵ و کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵی لەلایەن پەکەکەوە، بە کارێکی نەشیاوە و دوور لە بەھا مرۆڤایەتییەکان دادەنێت.
لەوبارەیەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی ڕايگەیاند، پێویستە ئەو خێزانانەی منداڵەکانیان دەچنە ناو پەکەکە، سەردانی بنکەکانی پۆلیس بکەن، بۆ ئەوەی ”ئێمە بەدواداچوون بۆ منداڵەکانیان بکەین، دواتر ئەگەر زانیمان منداڵەکە لای پەکەکەیە و لە خوار تەمەن 18 ساڵە، ئەوکاتە دادگا بڕیار لەسەر دۆسیەکە دەدات“.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، کە ”ئەگەر بزانین کەسێک منداڵانی خوار 18 ساڵی فریودەدات یان دەستی ھەیە لەناردنی ئەو منداڵانە بۆ ناو پەکەکە، دەستگیری دەکەین و ڕووبەڕووی یاسای دەکەینەوە“.
باسنيوز
