پارێزگاری سەپێندراو بەسەر کەرکووک، داوای کردووە ژمارەیەک خێزانی عەرەب لە سنووری گوندەکانی سەرگەران نیشتەجێ بکرێن.
پارێزگاری حەشدی شەعبی لە کەرکووک پیلانێکی مەترسیداری بۆ رۆژانی جەژنی قوربانن، لە دژی هاووڵاتییانی کورد، داناوە.
بەپێی نووسراوێک، کە ئاراستەی بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەرانی کردووە، رۆژی هەینی 9-8-2019 راکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراو بەسەر کەرکووک، داوای کردووە ژمارەیەک خێزانی عەرەب لە سنووری گوندەکانی سەرگەران نیشتەجێ بکرێن.
ھاووڵاتییەکی شارەدێی سەرگەران راگەیاند، راکان جبوری ھەوڵ دەدات لە رۆژانی پشووی جەژنی قوربان، کە لە رۆژی یەکشەممە 11-8-2019 دەست پێ دەکات، بڕیارەکەی جێبەجێ بکات.
بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە، نیشتەجێکردنی ئەو عەرەبانەی لەو گوندانە وەک خەڵاتێکی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکە بۆیان، لە بەرامبەر بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانی دژی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە.
دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 و داگیرکردنی کەرکووک، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی راکان جبوورییان وەک پارێزگاری کەرکووک بەسەر خەڵکی شارەکەدا سەپاند، کە لەو کاتەوە سەدان بڕیاری دژی گەلی کورد دەرکردووە.
باسنیوز
