ژنە رۆژنامەنووسێك كتێبخانە بۆ گرتووخانەكان دادەنێ

ژنە رۆژنامەنووسێك كتێبخانە بۆ گرتووخانەكان دادەنێ
خانمە رۆژنامەنووسێك پڕۆژەیەكی خۆبەخشانەی بۆ بەكولتووركردنی خوێندنەوە لەنێو چاكسازییەكاندا دەستپێكردووە. ئێستا بەهۆی پڕۆژەكی ئەوەوە چاكسازییەكانی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر و سلێمانی بوون بە خاوەنی كتێبخانە. ئەو خانمە دەڵێت بۆ نەخۆشخانەكانی تایبەت بە شێرپەنجە، شەڵتەر و خانەكانی بێسەرپەرشتان و بەساڵاچووانیش پرۆژەی هەیە.

پڕۆژەی بەكولتووركردنی خوێندنەوە هەوڵێكی خۆبەخشانەیە كە بیرۆكەكەی هی خانمە رۆژنامەنووسێكە و بە هاوكاریی چەند كەسێكی دیكە دەستیان بە كارەكە كردووە.

دیمەن بورهان كە رۆژنامەنووسێكی فریلانسەرە و بابەتە رۆژنامەوانییەكانی لە هەفتەنامە بڵاودەكاتەوە، دەڵێت: "لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی لە چاكسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی لەبارەی سووتاندنی ژنێك، ژنێكم بینی كتێبێكی دەخوێندەوە وەك بڵێی خەریكی خۆئامادەكردن بێت بۆ تاقیكردنەوە. دوای پرسیاركردن، تێگەیشتم بەندییەكان دەروونیان ماندووە و پێویستیان بە خۆسەرقاڵكردنە. ئەوەی دڵخۆشی كردم زۆربەیان بە خوێندنەوەی كتێبەوە سەرقاڵ بوون".

نەبوونی كتێب و كتێبخانەی شیاو لەنێو چاكسازییەكەدا هانی ئەو خانمەی داوە بیر لە دروستكردنی كتێبخانە بۆ بەندیخانەكان بكاتەوە. دیمەن دەڵێت: "بە هاوكاریی هاوژینەكەم بیرۆكەكەمان كرد بە پڕۆژەیەكی درێژخایەن بۆ دروستكردنی كتێبخانە نەك هەر بۆ چاكسازییەكان، بەڵكو بۆ نەخۆشخانە، شەڵتەر، خانەكانی بێسەرپەرشتان و بەساڵاچووان و شوێنە گشتییەكانیش".

بەربەست و رێگری زۆر لەپێش پڕۆژەكەی دیمەن هەبوون، وەك خۆی دەڵێت: "چوونە سەر رێڕەوی كارەكە زۆر سەخت بوو، لەلایەك دەستنەكەوتنی سپۆنسەر بۆ كارەكە و نەبوونی توانای ماددی، لەلایەكی دیكەش تانە و توانجی زۆر كە پێماندەگوترا چ كارێكتان بەو تاوانبارانەیە و بۆ كتێبەكانیش زیندانی دەكەن؟ كێ لە زیندان تاقەتی خوێندنەوەی هەیە؟ بەڵام كۆڵم نەدا و بەردەوام بووم لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەكەمان".

دیمەن بورهان دەڵێ لە زۆر دەرگای داوە بۆ سەرخستنی پرۆژەكەی، دواجار دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای روانگە و گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان دەرگایان لێ‌ كردووەتەوە: "دوای ماندووبوونێكی زۆر سۆران خەلەف، بەرپرسی نووسینگەی سلێمانی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رەواج بارزانی، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگاكە بوون بە هاوكاری سەرەكیی پڕۆژەكەمان لە چاكسازیی ژنان و نەوجەوانانی سلێمانی. هەروەها چەند كەسێكی خێرخواز و گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان و دەزگای روانگەش لەڕووی ماددی و بەشێكی زۆر لە دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە و نووسەر و رۆشنبیر و خوێنەرانیش لەڕووی بەخشینی كتێب بە پڕۆژەكە هاوكارمان بوون".

بەبڕوای ئەو رۆژنامەنووسە، پڕۆژەكە لە قۆناغی یەكەمیدا ئامانجەكەی پێكا: "ئامانجمان گۆڕینی هزری بەندییەكانە لەو تەنگژە دەروونییە سەختەی تێیدان بۆ ئارامی و رۆشنفكری. لە 8/10/2018 قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە لە سلێمانی كۆتایی هات. نزیكەی پێنج هەزار كتێب كۆكرانەوە، دوو كتێبخانەی مۆدێرن بۆ بەشی ژنان و نەوجەوانان درووستكران. كەلوپەلی كتێبخانە و نۆژەنكردنەوەی هۆڵەكانیش لەچوارچێوەی پڕۆژەكەدا بوون".

سەبارەت بە قۆناغی دووەمیش، دیمەن گوتی: "قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە لە چاكسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر بوو كە خۆشبەختانە لە 24/7/2019 ئەم قۆناغەش بە سەركەوتوویی كۆتایی هات و نزیكەی پێنج هەزار كتێبیش لەوێ كۆكرانەوە. لەكاتێكدا ئەوەی لە چاكسازیی هەولێر هەبوو تەنیا هۆڵێكی وێران بوو. ئێستا نەك هەر كتێبخانەیەكی مۆدێرنە، بەڵكو بووەتە شوێنی سیمینار و وۆركشۆپ بۆ رێكخراوەكان و بەندییەكانیش. بە سوپاسەوە تێچووی ئەم پڕۆژەیە لە هەولێریش دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەئەستۆی گرت".

دیمەن بورهان تێچووی پڕۆژەكە ئاشكرا دەكات: "تێچووی پڕۆژەكە تاوەكو ئێستا كە بریتی بووە لە دروستكردنی سێ كتێبخانەی مۆدێرن و دابینكردنی پێداویستییەكانی هۆڵی كتێبخانە و نۆژەنكردنەوەی هۆڵەكان، تەنیا 12 هەزار دۆلار بووە كە پێموایە كەمترین بڕە پارەیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجێكی زۆر گەورە. خۆشبەختانەش لەم پرۆژەیەدا كتێبخانەكان بەناوی (دیمەن و شكار) دەبن كە وەك دوو خۆبەخش كارمان لە پڕۆژەكە كردووە".

خاوەنی بیرۆكەكە باسی هەنگاوی دواتری دەكات و دەڵێت: "لە چاكسازیی ژنان و نەوجەوانانی دهۆكیش كتێبخانە دەكەینەوە و دوای جەژنی قوربان دەستپێدەكەین. ئینجا چاكسازییەكانی دیكەی هەولێر، سلێمانی و دهۆك. دواتریش نەخۆشخانەكانی هیوا و نانەكەلی، شەڵتەرەكان، خانەكانی منداڵانی بێسەرپەرشت و بەساڵاچووانیش".

پڕۆژەكەی دیمەن تەنیا دروستكردنی كتێبخانە نییە. ئەو گوتی: "پڕۆژەی (وەرزە كتێب)یش لەنێو پڕۆژەكەدا دەبێت كە پڕۆژەیەكی وەرزییە لەنێو چاكسازییەكاندا و بۆ ئەو بەندییانە دەبێت كە ئارەزووی بەشداریكردن لە پێشبڕكێی كتێب خوێندنەوە دەكەن و دواتر خەڵات دەكرێن".

دیمەن دەشڵێ: "لە قۆناغەكانی داهاتووی پڕۆژەكەدا كار بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەك لە پەرلەمان دەكەین لەبارەی كەمكردنەوەی سزای ئەو بەندییانەی زۆرترین كتێب دەخوێننەوە".


rudw -
Top