مەراسیمێكی شایستە بۆ هەڵدانەوە و هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوان ساز دەكرێت

مەراسیمێكی شایستە بۆ هەڵدانەوە و هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوان ساز دەكرێت
حكوومەتی هەرێم كار بۆ دۆزینەوەی گۆڕەكان و هێنانەوەی رووفاتەكان دەكات، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوانیش لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، مەراسیمێكی شایستە بۆ هەڵدانەوە و هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوان ساز دەكرێت. دەشڵێ: "هەموو هەوڵێكی ئێمە بۆ ئەوەیە، كە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بخرێتە سەر بەغدا".

لە سەماوە تا ئێستا چوار گۆڕ دۆزراونەتەوە، گۆڕێك بە تاڵ بوون و هیچ رووفاتێكی تێدا نەبوو، سێ گۆڕی دیكەش رووفاتیان تێدان، یەكێك لەو گۆڕانە تەواو بووە و 171 رووفاتی تێدا بووە و هەموویان دەرهێنراون.

سوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان، گوتی: "وەكو لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، سەردانی بەغدا دەكەین، لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق، پەرلەمانی عێراق و لیژنە پەیوەندیدارەكان كۆدەبینەوە، ئێستا پەرلەمان لە پشوودایە و ئەوان پێیان باشە كە مانگی 9 ئەو سەردانە بكەین، بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵك و لایەنە پەیوەندیدارەكان ببینین و پەیوەندییەكی باش لەگەڵ ئەوان دروست بكەین، بۆ ئەوەی ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەن چارەیان بكەین و بە ئەنجامێكی باش بگەڕێینەوە هەرێمی كوردستان، هەر لەبەر ئەوەشە كە تا ئێستا سەردانی بەغدامان نەكردووە، ئەگەرنا پێمان خۆش بوو پێش ئێستا سەردانی بەغدا بكەین و كێشە و گرفتەكان، كە پەیوەندییان بە لیژنەكەمانەوە هەیە، چارە بكەین".

میرخان، دەشڵێ: "تا ئێستا لەگەڵ لیژنەی شەهیدانی عێراق بۆ ئەوەی مووچەی كەسوكاری شەهیدانی كوردستان بكەوێتە سەر عێراق و وەكو كەسوكاری شەهیدانی ئەوان لێ بێت، لەسەر هێڵین، هەموو هەوڵێكی خۆشمان دەدەین هەر چەندە لەسەر زیندانیانی سیاسی نەگەیشتینە رێككەوتن، بەڵام بەردەوام لەسەر خەتین، بۆ ئەوەی چ شتێك باشە ئەوە بكەین و مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بخەینە سەر بەغدا، كاتێك كە سەردانی بەغدا دەكەین، زیاتر لە كێشەكان دەگەین".

سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "راپۆرتێكمان ئامادە كردووە و پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانی دەكەین، كە ئەمجارە هەر گۆڕێكی بە كۆمەڵ هەڵبدرێتەوە، دەبێت نوێنەری كۆنسووڵخانەكان، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نوێنەری unئامادە بن".

kdp-
Top