زاگرۆس فەتاح: گرێبەستە گشتییەكانی حكوومەت بەئەلیكترۆنی دەكرێن.. گەندەڵی كەم دەكرێتەوە
وەزارتی پلاندانان، بە ھاوكاریی كۆریای باشوور، كار لەسەر سیستەمی بەئەلیكترۆنیكردنی تەندەری گرێبەستە گشتییەكان دەكات، لەگەڵ تەواوبوونی سیستەمەكەش، رۆتین نامێنێت و بە شێوازی سیستەم تەواوی كارەكان بەڕێوە دەچن.
زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكان لە وەزارەتی پلاندانان، ڕاگەیاند: "لە لایەن تیمێكی شارەزایانی كۆریای باشوورەوە، یەكەمین دیزاینی سیستمی بەئەلیكترۆنیكردنی تەندەرەكانی حكوومەت (گرێبەستە گشتییەكان)ـمان خستە ڕوو، لەگەڵ ئەو تیمە كۆریاییەدا گرێبەستەكەمان واژۆ كردووە، لەم قۆناغەدا ٦ لە وەزارەتە سەرەكییەكانی حكوومەت بەشدارییان پێ دەكرێت، كە زۆرترین تەندەریان ھەیە، وەزارەتەكانیش بریتین لە: كارەبا، كشتوكاڵ، ئاوەدانكردنەوە، تەندروستی، شارەوانی، لەگەڵ پارێزگای هەولێر".
لە هێڵە گشتییەكانی كابینەی نۆیەمدا، یەكێك لە خاڵەكان باس لە شەفافیەت دەكات، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكان روونیشی دەكاتەوە، دیزاین و دروستكرنی پڕۆژەكە لەلایەن حكوومەتی كۆریای باشورەوەیە، كە لە ڕێگەی تیمێكی پسپۆڕی شارەزای كۆریاییەوە جێبەجێ دەكرێت، وەك خۆی دەڵێ، ئەمە پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیژییە و پاڵپشتی و یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ بەدیھێنانی ئامانجی ھێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی ٩ی حكوومەتی ھەرێم، بە تایبەت لە ڕووی شەفافیەت و كەمكردنەوەی ڕۆتین و پەرەپێدانی كەرتی تایبەت و بەئەلیكترۆنیكردنی حوكمڕانییەكی باش.
فەتاح راشیدەگەیەنێت، ئەم پڕۆژەیە، چاوەڕوان دەكرێت لە بەھاری ساڵی ٢٠٢٠ ئامادە بێت بۆ بەكارھێنان، لە لایەن ئەو ٦ دەزگایەی حكوومەت، كە زۆرترین تەندەریان ھەیە، دیزاینی سیستمەكەش بە شێوەیەكە، كە ڕێگە بە ھیچ كۆمپانیایەك نادات بە شێوەی ناشایستە تەندەری بۆ دەربچێت.
kdp-
