له هەولێر 60 پاڵاوگەی نایاسایی داخران
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر ڕاگەیاند: ”ئەو لێژنەیەی كار لەسەر لابردنی پاڵاوگە نایاساییەكان دەكات، ئێمە دامان ناوە و قایمقامی هەولێر سەرپهرشتی دەكات و كارەكانی لێژنەكە بەڕێوە دەبات“.
هاوكات نەبەز عەبدولحەمید، قامیقامی قەزای ناوەندیی هەولێر و سەرۆكی لێژنەكەی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵگرتنی پاڵاوگە نایاسایەكان ڕايگەیاند: ”پێشتر نزیكەی 200 پاڵاوگەی نایاسای لە هەولێر و دەوروبەری هەبوون، بەشێك لەو پاڵاوگانە كارەكانیان ڕاگیراوە و ڕێگەی كاركردنیان پێ نادرێت، هەروەها 60 پاڵاوگە داخراون و هەڵگیراون، ئێستا 20 پاڵاوگە هەیە، كە مەرجەكانیین تێدایە، بەڵام ناتوانم بڵێم ئەو 20 پاڵاوگەیەش یاسایین“.
ئاماژەی بەوەش كرد ”لێژنەیەكی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ هەیە كە ئەندامم تێیدا و سەرۆكی لێژنەی هەولێرم بۆ لابردنی پاڵاوگە نایاساییەكان، ئێمە لە ماوەیەكی نزیكدا كۆتایی بە كارەكانی بابەتی پاڵاوگەكان دههێنین، لەبەر ئەوەی نزیكەی دوو ساڵە دەستمان پێ كردووە“.
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ڕوونیشی كردەوە كە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە، تەنیا 28 پاڵاوگە لە هەرێمی كوردستان بۆیان هەیە كار بكەن، ئەویش لەبەر ئەوەی كە مەرجی تەندروستی، ژینگەیی، سامانە سروشتییەكانیان تێدایە، جگە لەوانە هەموو پاڵاوگەكانی دیكە ئاگادار كراونەتەوە كە دەبێت هەڵبگیرێن.
باسنيوز
