بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ: جەنگ زیانی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵی کوردستان گەیاندووە

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ: جەنگ زیانی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵی کوردستان گەیاندووە


ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنفرانێسێکدا کە تایبەت بە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕێک خرابوو، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاشکرای کرد، جەنگ زیانی زۆری بە کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.



ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی٨ی٢٠١٩ لە شاری هەولێر کۆنفرانسێکی تایبەت بە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ ڕێک خرا و تێیدا بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "پێشتر کوردستان و ئەم هەرێمی ئێمە تێیدا دەژین، کۆمەڵگەیەکی دەوڵەمەند و بەپێتی کشتوکاڵی بووە، بەڵام لە ئەنجامی شەڕ و سیاسەتی دوژمنکارانە و سیاسەتی وێرانەخوازیی ڕژێمی پێشوو، کەرتی کشتوکاڵ بە ئەنقەست بەتەواوەتی وێران کرا".



وەزیری کشتوکاڵ ڕاشی گەیاند: "وێرانکردنی کەرتی کشتوکاڵ بە ڕاگواستنی دانیشتوانی گوندەکان لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و تورکیاوە دەست پێدەکات کە زیانێکی زۆر بەم کەرتە گەیشتووە، بەتایبەت لە بوارەکانی "هەنگەوانی، باخداری و سامانی ئاژەڵ" پاشان بەهۆی ڕوودانی جەنگی عێراق و ئێرانەوە زۆر ناوچەی دیکەی کشتوکاڵیی کوردستان زیانیان پێگەیشت کە قۆناغی هەرە وێرانکاریش ڕاگواستنی زۆرەملێی گوندنشینەکانمان و نیشتەجێکردنیان بوو لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکان".



بێگەرد تاڵەبانی ڕاشی گەیاند: "لە چوارچێوەی ئەو شاڵاوەدا سەرجەم کێڵگە و ڕەز و باخ و کانی، کارێز و جۆگەکان وێران کران و مەڕ و ماڵات و هەنگەوانی و کێڵگە پەلەوەرییەکان بەتاڵان بران و کە ئەم پرۆسە دوژمنکارانەیە کەرتی کشتوکاڵی لە کوردستان بە ڕێژەی نزیکەی ١٠٠٪ وێران کرد".



وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد: "دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١و دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خەڵک جارێکی دیکە روویان کردەوە بە کشتوکاڵ و حکوومەت بە هاوکاریی ڕێکخراوە مرۆدۆستەکان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی داوە هەوڵی بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی بدات و تا ئاستێکی باشیش سەرکەوتوو بوون".



بێگەرد تاڵەبانی ڕاشی گەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەرێمی کوردستان بە دێم، بەرئاو، دارستان و ڕەز و باخ و پووش و پاوانەوە خاوەنی نزیکەی ١٨ ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵییە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کەلە ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی و لە دەستپێکردن و بووژانەوەی ئەو کەرتەدا حکوومەت و جووتیارانمان تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوون".









باسنیوز
Top