بە مەبەستی ڕێکخستنی ژمارەی فەرمانبەران ئەنجومەنی راژە دادەمەزرێت

 بە مەبەستی ڕێکخستنی ژمارەی فەرمانبەران ئەنجومەنی راژە دادەمەزرێت


حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێژنەیەکی پێک ھێناوە، بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی راژە کە ئەم ئەنجومەنە ئەرکی رێکخستنی فەرمانبەران و ھاوسەنگیکردن لە میلاکات دەبێت.



جەلال محمەد ئەمین، بریاردەری لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە زۆر گرنگە و یەکێکە لە رێگاکانی چاکسازی و ھاوسەنگی بۆ فەرمانبەران.



لە بارەی ئەرکی ئەنجومەنەکە، ڕوونی کردەوە، ئەم ئەنجومەنە ئەرکی زۆر دەبێت، گرنگترینیان رێکخستی فەرمانبەرانی تەواوی وەزارەت و فەرمانگەکانە، ھەر فەرمانگەیەک فەرمانبەری زیاد بێت، ئەوە فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگەیە دەگوازێنەوە بۆ فەرمانگەیەک کە فەرمانبەری کەم بێت.



بەپێی زانیارییەکان، فەرمانگەکانی ھەرێمی کوردستان ئاگادار کراونەتەوە، تاوەکوو تەواوی میلاکاتیان ئامادە بکەن و لە کاتی درووستکردنی ئەنجومەنەکەدا بەردەست بێت.



یاسای ئەنجوومەنی راژە لە ساڵی ٢٠١١ لە پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئەنجومەنەکە دانەمەزراوە.



دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە، لە چوارچێوەی ھێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.




باسنیوز
Top