وەزارەتی کارەبا: لە ڕۆژانی جەژندا بڕە کارەبای زیاتر بە ھاووڵاتییان دەدرێت
بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا پێدانی بڕە کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتیان زیاد دەکەن.
ئومێد محەمەد، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبا ڕاگەیاند: "ھەرچەندە بەشێوەیەکی بەردەوام و بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە خواست لەسەر کارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت بەڵام لە ئێستادا توانیومانە رۆژانە ١٥ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بەھاوڵاتیان بدەین".
گوتیشی: "بەھۆی ئەوەی ڕۆژانی جەژن پشووی فەرمانگە و دامودەزگا حکوومی و کارگەکانی کەرتی تایبەتە، لۆدی سەر کارەبای گشتی کەم دەبێتەوە بەمەش دەتوانین لەو ڕۆژانەدا زیاتر لە ١٥ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتیان بدەین".
باسنیوز
