هاتوچۆی هەولێر لەبارەی کردنەوەی گۆڕەپانێکی نوێ ڕوونکردنەوە دەدات

هاتوچۆی هەولێر لەبارەی کردنەوەی گۆڕەپانێکی نوێ ڕوونکردنەوە دەدات
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، لە بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولیر کار لەسەر دروستکردنی گۆڕەپانێکی نوێ دەکرێت و گۆڕەپانە کۆنەکەش نۆژەن دەکرێتەوە.

دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لەو هاووڵاتییانەی بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بەشی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێرییان کرد گلە و گازندەی ئەوەیان کردووە لەو بەشەدا شوێنی حەوانەوە و دەستشۆر و خزمەتگوزایی تێدا نییە دەبێ لەبەر خۆر بوەستن تا نۆرەیان دێت.

لەو بارەیەوە ڕائید فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ڕاگەیاند: "ڕاستە لە گۆڕەپانە کۆنەکەدا نە دەستتشۆر و نە کەپری لێ نییە و ناشتوانین دروستی بکەین و نۆژەنی بکەینەوە، چونکە کارەکان دەوەستن".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر گوتیشی: "ئێستا خەریکی دروستکردن گۆڕەپانێکی نوێین بۆ ئەو بەشە و کارەکانیشی لە کۆتایی ساڵی ۲۰۱۹دا تەواو دەبێت و دوای تەواوبوونی گۆڕەپانە نوێیەکە، دەست بە نۆژەنکردنەوەی گۆڕەپانە کۆنەکەش دەکرێت و ئەو شتانەی پێویستن تێیدا دروست دەکرێن".

بەشی مۆڵەتی هاوتچۆی هەولێر یەک لەو دامودەزگایانە کە ڕۆژانە بە سەدان هاووڵاتی بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری و ڕاییکردنی کارەکانیان سەردانی دەکەن و نەبوونی خزمەتگوزاری و گەرمبوونی شوێنەکە گلە و گازاندەی زۆری هاووڵاتیانی لێ کەوتووەتەوە.











باسنيوز
Top