عەلی ڕەشید: نرخی كاڵا سەرەكییەكان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان كەم دەكرێنەوە
د. عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، پەیوەست بە كەمكردنەوەی نرخی بەنزین و غاز و كارتی ئینتەرنێت و كارتی مۆبایل و پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان گوتی: "لە ڕێگای ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پارێزگاوە پێشنیاز كراوە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و ناوەند، بۆ ئەوەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا بگەڕێتەوە و باج لەسەر ئەو كاڵا سەرەكییانە لاببردرێت و نرخەكان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان كەم بكرێتەوە، لە بەدواداچوونەكانیش بەردەوامین و نوێنەرانی كورد لە بەغدا لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بەئەنجام بگەندرێت، هەر كاتێكیش بودجەی پەرەپێدان بنێردرێت، بڕیاری كەمكردنەوەی نرخەكان دەدەین".
لەبارەی قەدەغەكردنی كیسی نایلۆنیش، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر گوتی: "بـڕیاری لەم چەشنە گرانە و پێـویستی بە وردبینی و بەدواداچوونی زیاتر هەیە، چونكە ئێمە ژیانی بەشێك چاك بكەین، ژیان و بژێویی چەندان كەسی تریش تێك دەدەین، دواجار گرفتەكە تەنها قەدەغەكردنی كیسی نایلۆن نییە، بەڵكوو سەرجەم ئەو ماددە پلاستیكی و پیترۆكیمیاییانەیە، كە ڕۆژانە هاووڵاتیان بەكاری دێنن، بەرهەمی كیسی نایلۆن لە نێوخۆی هەرێمی كوردستان بەرهەم دێت لە ڕێگای ڕیسایكلینەوە، بۆیە بڕیاری لەم شێوەیە خوێندنەوە و پێداچوونەوەی باشی دەوێت و تا نەگەین بە ڕێگەچارەیەكی گشتگیر و گونجاو، ئەو جۆرە بڕیارە نادەین".
kdp-
