ھێڤیدار: نرخی حكوومەت گرانه.. خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای خانووە زێدەڕۆكان دهكەین
لە ھەرێمی كوردستان ھەزاران خانوی بێ تاپۆ ھەیە و تا ئێستا تاپۆ نەكراون، ھەر بۆیە پەرلەمانی كوردستان لە ھەوڵی چارەسەركردنی ئەو بابەتەیە و بڕیاریش وایە لە مانگی نۆدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت.
ھێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری كوردستان، دەڵێت، پێشتر ئەم پڕۆژەیاسایە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بڕیاریش وایە لە دوای پشووی ھاوینەی پەرلەمان، لە مانگی نۆدا خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەم پڕۆژەیاسایە بكەین.
ھێڤیدار پێی وایە، ئەو نرخانەی حكوومەت دیاری كردووە گرانن و لە توانای ھاووڵاتیانی ھەژاردا نییە، وەك خۆیشی ئاماژە دەدات، ئەو بڕیارە كە جێبەجێش كرا، تەنھا ئەو ھاووڵاتیانە دەگرێتەوە، كە ھیچ موڵكێكیان بە ناو نییە، چونكە ئەو ھاووڵاتیانە ناچار بوونە و خانوویان نەبووە، لە ھەمان كاتدا ھیچ موڵكێكی بەناو نییە، بۆیە ئەم بڕیارە تەنھا بۆ ھاووڵاتیانی ھەژارنشینە. راشیدەگەیەنێت، ئەم پڕۆژەیاسایە ھەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە كە لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانن.
ئهو پەرلەمانتاری كوردستان روونیشی دەكاتەوە، كە ئەم پڕۆژەیاسایە پێویستی بە دیراسات و گفتوگۆی زۆرھەیە، چونكە پێمان وایە موشكیلەی گەورە لە دوای تاپۆكردنیان ھەیە، ئەویش خزمەتگوزارییە، بۆ ئەم بابەتەش جەخت دەكاتەوە، ھەر كات ئەو پڕۆژەیاسایە بوو بە رەسمی، ئەو موڵكانە تاپۆ دەكرێن و حكوومەت و شارەوانی تەواوی خزمەتگوزاریی رێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆیان بۆ دابین دەكات.
kdp-
