بڕیارە حكوومەت پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بكات

بڕیارە حكوومەت پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بكات
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بكات، بەڵام چاوەڕێ دەكات تا پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا یەكلا دەكرێتەوە.

محەمەد سەعدەدین، ڕایگەیاند: "بڕیارە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بكات و دواتر رەوانەی پەرلەمان بكرێت، بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و ببێتە یاسا.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: "لە ئێستادا حكوومەتی هەرێم چاوەڕێی ئەوە دەكات پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا یەكلا بكاتەوە و دواتر پشكی هەرێم لە بەغدا و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ كۆ دەكاتەوە و لەسەر ئەو بنەمایە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێم ئامادە دەكرێت".

سەعدەدین باسی لەوەش كرد، كاری لەپێشینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دابینكردن و مسۆگەركردنی مووچەی ساڵی داهاتوو دەبێت، بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئەمساڵ لە كاتی خۆی و مانگانە مووچە دابەش بكات.

kdp-
Top