هەڵەبجە.. وەزیری تەندروستی لەسەر هێڵە بۆ چارەسەركردنی گرفتی نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی

	 هەڵەبجە.. وەزیری تەندروستی لەسەر هێڵە بۆ چارەسەركردنی گرفتی نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی
نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە، هەرچەندە چەند مانگێكە بە فەرمی كراوەتەوە، بەڵام لەو نەخۆشخانەیەدا بە هۆی نەبوونی كەرەستە و ئامێری تەواوی تەندروستیی تایبەت و پزیشكی پسپۆڕ، ناتواندرێت چارەسەری تەواوی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بكرێت، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، گرفتی نەخۆشخانەكە چارە دەكەن.

دكۆر خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند:" چەند گرفتێك لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكاری نەخۆشخانەی كیمیایی هەڵەبجە ماون و لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەداین ئەو گرفتانەی چارەسەر بكرێن، كۆمپانیای جێبەجێكاریش ئەو پارەیەی ماویەتی وەریبگرێت، لە بەرامبەریشدا تەواوی ئامێر و كەرەستە تەندروستییەكان بۆ نەخۆشخانەكە دابین بكات".

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دابوو چەند پزیشكێكی پسپۆڕ لە ئێران بۆ نەخۆشخانەكە بهێنێت، خاڵس قادر دەڵێ: "بڕیار بوو پزیشكی پسپۆڕ لە وڵاتی ئێرانەوە بۆ نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە بهێنین، بەڵام ئەو بڕیارە سەری نەگرت، بۆیە ئێستا پزیشكی كوردی خۆمان بەڕێوەی دەبەن، بەڵام نەتواندراوە بە تەواوەتی پزیشكی پسپۆڕی بۆ دابین بكەین، بۆیە لە هەوڵی بەردەوامداین پزیشكی پسپۆڕی بۆ دابین بكرێت".

لەبارەی ئەوەی وەزیری نوێی تەندروستی هیچ پلانێكی هەیە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، قادر گوتی: "ئێستا وەزیری تەندروستی لەسەر هێڵە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەی لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار هەیە وەك سەرەتا و پاشان هەنگاوەكانی تر دەندرێن بۆ چارەسەركردنی تەواوی گرفتەكانی نەخۆشخانەكە، تا ڕادەی ئەوەی ئیدی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی پێویستییان بەوە نەبێت بۆ چارەسەر بنێردرێنە دەرەوەی وڵات".

kdp-
Top