قوتابییەکی دکتۆرا: لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتیان ناوی کوردستان بکە بە باکووری عێراق

قوتابییەکی دکتۆرا: لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتیان ناوی کوردستان بکە بە باکووری عێراق
قوتابییەکی کورد لە قۆناغی دکتۆرا لە زانکۆیەکی قوبرسی تورکیا، لەبەر ناوی کوردستان لە نامەی دکتۆراکەی دەکشێتەوە و رەخنەش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت.

هیوا سەلام، قوتابیی قۆناغی دکتۆرا و مامۆستا لە زانکۆی کۆیە ڕايگەیاند: "دوای ئەوەی بۆ خوێندنی دکتۆرا چوومە زانکۆی (EMU)ی قوبرس و نمرەکانم پلەی نایاب بوون و توێژینەوەکەم لەسەر کولتووری کوردییە لە شاری هەولێر، بەڵام لە زانکۆکە گوتیان دەبێ ناوی کوردستان بیکەی بە باکووری عێراق“.

ئەم قوتابییە کوردە داواکاریی زانکۆکەی ڕەت کردووەتەوە و هاتووەتەوە هەرێمی کوردستان.

هاوکات سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و داوای لێکردوون، هەڵوێست لەمبارەیەوە وەربگرن.

هیوا سەلام دەڵێت: ”لە بەشی نێردراوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا پێیان گوتم، ڕۆژانە لەم حاڵەتانە هەیە و بابەتەکە گەورە مەکە و و ناوی کوردستان لا ببە و بیکە بە باکووری عێراق، بەڵام من دیسان ئەوەم ڕەت کردەوە“.

جەختیشی کردەوە کە ناتوانێت بە دەستی خۆی کولتووری کوردی بکات بە موڵکی شوێنێکی دیکە و بیشێوێنێت.

ئەوەشی خستە ڕوو: "دوای بڵاوکردنەوەی بابەتەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن زانکۆی (EMU)ەوە پەیوەندیم پێوە کرا و منیش مەرجم بۆ دانان و ئەویش داوای لێبوردنکردنە لەو کردارە شۆڤێنییەی بەرامبەر بە من وەک تاکێکی کورد کردیان، هەروەها قەدەغەی سەر ناوی کورد و کوردستان نەهێڵدرێت".

هەر لەمبارەیەوە هەڵگورد جوندیانی، نووسەر، لە وتارێکدا ڕەخنەی لە ”بێهەڵوێستی“ی وەزارەتی خوێندنی باڵا گرووە و سەرسوڕمانی خۆی لە قەبوڵکردنی ئەم ڕەفتارە دەربڕیوە.

داواشی لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە، لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکات.











باسنيوز
Top