بەهۆی سیاسەتی هەڵەی پەکەکەوە تورکیا دەیەوێ بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر بچێتە ڕۆژئاوای کوردستانەوە
دوای گەڕی (13)مینی کۆبوونەوەکانی ئەستانا لە پایتەختی کازاخستان، سەبارەت بە دۆخی سووریا، کە لە ماوەی رابردوودا لەنێوان وڵاتانی زلهێز، کە بۆ یەکەم جار بە راوێژی عێراق و لوبنان، وەکوو دوو دراوسێی سووریا بەڕێوە چوو، جموجۆڵی زیاتری سەربازی و دیپلۆماسی لە ناوخۆی سووریا و دراوسێکانی، بەتایبەتی تورکیا درکی پێ دەکرێت، سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانیش ئاشکرایان کردووە، کە ئەمەریکا و تورکیا بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە سووریا، کە دەکەوێتە باکووری سووریا و رۆژهەڵاتی فوراتەوە، لێک تێگەیشتن لەنێوانیاندا دروست بووە، بە جۆرێک چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەکەن، کە ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمەریکا و تورکیادا بێت، لەبەرامبەر بەوەش، رووسیا لە ئیدلب فشارەکانی بۆ سەر تورکیا و کشانەوەی بۆ بەرژەوەندییەکانی رژێمی سووریا زیادیان کردووە.
بهگوێرهی زانیارییەکانی ئاژانسی ههواڵی (ئهسۆشهیتدپرێس)، لە کاتی سەردانی جهیمس جێفری، نوێنهری ئهمەریكا له هاوپهیمانیی دژی داعش، بۆ توركیا بەنهێنی لەگەڵ ئەردۆگان، سەرکۆماری تورکیا کۆ بووەتەوە و کۆبوونەوەکەیان تایبهت بووە به میكانیزمی دامهزراندنی ناوچه پارێزراوهكهی سنووری سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان) و ئهمەریكاش بهڵێنی داوە، كه هێزەکانی هەسەدە لەو ناوچەیەدا نەبێت، بهڵام توركیا لەگەڵ ئەوەش جهختی كردووەتهوه لهسهر ئهوهی، سوپای تورکیا ئامادەکاریی تەواوی کردووە و به قووڵایی 30 كیلۆمهتر دەچێتە باکووری سووریاوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لەدوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیاش بڕیار لەسەر ئەوە دراوە، لەژێر ناوی (ڕێڕەوی ئاشتی) ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بكرێـت.
لای خۆشیانەوە، جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، لە رێگەی میدیاکانی وڵاتەکەیەوە ئاشکرای کردووە، کە وڵاتەکەی سەرقاڵی گفتوگۆکردنە لەگەڵ تورکیا، سەبارەت بە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سوریا، کە سەرپەرشتیی ناوچەکە بە هاوبەشیی هێزی ئەمەریکا و تورکیا دەبێت.
پێشتریش خەلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا هۆشداریی دابوو لەوەی، کە وڵاتەکەی ناچارە تاکلایەنە ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا دروست بکات، ئەگەر لەگەڵ واشنتۆن نەگەنە رێککەوتن.
بەگوێرەی زانیارییە ئەمنییەکانیش بێت، جیاوازیی نێوان تورکیا و ئەمەریکا لەسەر ناوچەی ئارام لەوەدایە، ئەمەریکا پێی باشە ناوچەی ئارام بە قووڵیی ١٤کم بێت، بەڵام تورکیا داوای کردووە بە قووڵایی ٣٥کم ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا دروست بکرێت و هێزەکانی گرێدراوی پەکەکەش لەو ناوچەیەدا نەمێنن.
لەمبارەیەوە، بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، له پهیوهندییهكی تهلهفۆنیدا لهگهڵ مارك ئێسپهر، وهزیری بهرگریی ئهمەریكا، خلوسی ئاكار، وهزیری بهرگریی توركیا، بەڕوونی ئەوەی بە بەرپرسە ئەمەریکییەکە راگەیاندووە، ئهگهر ئهنقهره و واشنتن لهبارهی دروستكردنی ناوچهیهكی ئارام له سووریا نهگهیشتنه رێككهوتن، ئهوا توركیا بهتهنیا ناوچهی ئارام له سووریا دروست دهكات، هاوکات داواشی لە وهزیری بهرگریی ئهمەریكا كردووه، هاوكارییهكانیان بۆ یهپهگه و پهكهكه رابگرن و چهكهكانیشیان لێ وهربگرنهوه.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر حکوومەتی سووریا، دروستکردنی ناوچەی ئارامی لە سووریا لە لایەن ئەمەریکا و تورکیا رەت کردبووەوە، بەڵام ئێستا رژێمی سووریا لەمبارەیەوە بێدەنگە و چاودێران پێیان وایە، ئەگەری ئەوە هەیە رێککەوتنێک هەبێت تورکیا لە ئیدلب پاشەکشە بۆ سووریا بکات و لە رۆژئاوای کوردستان پێشڕەوی بکات و ناوچەی ئارام بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
لەمبارەیەوە کاوە عەزیزی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا رای گەیاند، ئەمەریکا خاوەنی پڕۆژەی ناوچەی ئارامە لە سووریا و بۆ ئەوەش ئێستا گفتوگۆکانی بۆ رێککەوتن لەگەڵ تورکیا چڕ کردووەتەوە، گوتی: “جیاوازییەکە تەنیا لەسەر دروستبوونی ناوچەکەیە، کە تورکیا دەیەوێ بە قووڵایی زیاتر لە 30 کیلۆمەتر بێت، بەڵام ئەمەریکا پێی باشە کەمتر بێت، چونکە تورکیا مەرجی ئەوەیە، کە تەواوی هێزەکانی هەسەدە و یەپەگەی گرێدراوی پەکەکە لەو ناوچەیەدا نەمێنن و زیاتر لە 3 ملیۆن ئاوارەی سووری، کە لە تورکیان، بهێنرێنە ناوچەکەوە، کە بەوەش تەواوی دیمۆگرافیای باکووری سووریا بۆ عەرەب دەگۆڕدرێت”.
ئەو بەرپرسە سیاسییە لە سووریا، زیاتر روونیشی کردەوە، کە لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولای ئەمەریکا و تورکیا روویان داوە و کورد وا باجی نەزانینی سیاسەتی عەقڵیەتی پەکەکە دەدات، گوتی: “تورکیا دەیەوێ تەواوی رۆژئاوای کوردستان وەکوو عەفرین بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، بەوەش لەلایەک بەرژەوەندییەکانی خۆی بە دوورخستنەوەی هێزە گرێدراوەکانی پەکەکە دەپارێزێ، لەلایەکی دیکەشەوە دیمۆگرافیای ناوچەکە وا دەگۆڕێت کە چیتر پەکەکە نەبێتەوە بە سەرئێشە بۆ خۆی، ئەوەش کورد زەرەری گەورەی لێ دەکات، کە بەداخەوە بەرهەمی عەقڵیەت و هەڵەی پەکەکەیە لە سووریا”.
باسنيوز
