سبەی مووچەی ئەم وەزارەتانە دابەش دەکرێت
بەپێی ئەو لیستەی لە گەنجینەی سەر بە وەزارەتی داراییەوە نێردراوە، سبەی چوارشەممە مووچەی مانگی 5ی هەردوو وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندرووستی دابەش دەکرێت.
هێشتا نازاندرێت ئاخۆ ڕۆژی پێنجشەممە مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەش دەکرێت یاخود نا.
لەلایەن خۆیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گەنجینەی سەر بە وەزارەتی دارایی ئاشكرای كرد، بۆ دابەشكردنی مووچەی وەزارەت و فەرمانگەكانی دیکە، چاوەڕوانی هاتنی پارەكەی بەغدا دەكەن.
پێشووتر عابد مزووری، بەڕێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ڕايگەیاند: "ئەگەر حكوومەتی عێراقی پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەش بكات، ئەوە بڕە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەنێردرێت".
ڕوونیشی كردەوە: "ئەمساڵ پێش جەژنی ڕەمەزان بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی خەرج كردووە، بۆیە زانیاری هەیە ئەم جەژنەش بدرێت و پارەی فەرمانبەرانی كوردستانیش خەرج دەكرێت“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە خەڵك بۆ جەژن پێویستی بە پارە هەیە، بۆیە ”ئێمەش هەركات فەرمانی خەرجكردنی پارەمان بۆ بێت ئەوە پارەكە بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرین".
بەڕێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق جەختی لهوهش کردەوە، پارەیان ئامادەیە و ھەر کاتێک نووسراوی خەرجکردنی پارەکەیان بۆ بنێردرێت، پارەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی دەکەن.
پێشووتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕايگەیاندبوو: "هەركات بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بنێرێت، ئەوە پێش جەژن مووچە دابەش دەكرێت، پارەمان بۆ بێت لە بەغداوە ئێمەش دابەشی دەكەین هیچ كێشەیەكمان نابێت".
باسنيوز
