كاتى ته‌واوبوونى به‌شى كۆتایی شه‌قامى 120 مه‌تریی هه‌ولێر ئاشكرا ده‌كرێت

كاتى ته‌واوبوونى به‌شى كۆتایی شه‌قامى 120 مه‌تریی هه‌ولێر ئاشكرا ده‌كرێت
بەڕێوەبەری شەقامی 120 مەتریی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، به‌شى كۆتایی شەقامەکە لە کۆتایی ساڵی 2019 تەواو دەبێت.

ئەندازیار سەفین سابر، بەڕێوەبەری شەقامی 120 مه‌تریی هەولێر ڕايگەیاند: "شەقامی 120 مەتری 38 کیلۆمەترە و بە سێ قۆناغ کاری تێدا کراوە، قۆناغی یەکەم لە شەقامی کەرکووک تا شەقامی مووسڵ دەست پێ دەکات و بە کۆمپانیایەکی تورکی دراوه‌، بەڵام لە سەرەتاى دروستبوونی قەیرانی دارایی لە ساڵی 2014دا، وازی لێ هێنا و بەجێی هێشت، بەو هۆیەوە کارەکان تێیدا وەستان، بەم دوایاینە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای هێمن گرووپ کرا، بەدڵنیاییەوە کارەکانی دوو شەقامە سەرەکییەکەی تا کۆتایی ساڵی 2019 تەواو دەبێت و شەقامی خزمەتگوزاریشی بەهۆی هەبوونی خاشاک و نەبوونی تۆڕی ئاو و کارەبا، لە ساڵی 2020دا تەواو دەبێت".

ئەوەشی خستە ڕوو کە بەشی دووەمی شەقامەکەکە لە ڕێی مووسڵ بۆ شەقڵاوە دەست پێ دەکات لە ساڵی 2016وە تەواو بووە و هاتوچۆی لەسەرە، هەروەها بەشی سێیەمی شەقامەکە لە ڕێی شەقڵاوە بۆ کەرکووک دەست پێ دەکات و تەواو بووە.

بەڕێوەبەری شەقامی 120 مه‌تریی هەولێر باسى له‌وه‌ش كرد، دوای تەواوبوونی بەشی کۆتایی شەقامەکە، کە ڕێی مووسڵ بۆ کەرکووکە، بازنەی 120 مه‌ترى بە تەواوی دەکرێتەوە و دەتوانرێت هاتوچۆی لەسەر بکرێت.










باسنيوز
Top