لە سنووری كەركووك ژمارەیەك تیرۆریستی داعش كوژران
بەپێی راگەیاندنراوێكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی حكوومەتی عێراق كە ئەمڕۆ یەكشەممە 4/8/2019، بڵاوی كردووەتەوە و وێنەیەكی نێردراوە و تێیدا هاتووە، لەسەر زانیاری هەواڵگری عێراق، هێزەكانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان لە سنووری ناحییەی عەباسی سەر بە پارێزگای كەركووك، هێزی ئاسمانی عێراق ژمارەیەك سەربازیان لە كۆپتەری سەربازییەوە دابەزاندووە بۆ ناوچەیەك كە تیرۆریستانی داعشی لێ بووە و توانیویانە ژمارەیەكی بەرچاو لە تیرۆریستان بكوژن.
راگەیاندنراوەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، هاوكات ژمارەیەك مۆڵگەی داعش بۆردومان كران و تێكدران.
ماوەیەكە تیرۆریستانی داعش جموجۆڵیان لە سنووری پارێزگای كەركووك زیادی كردووە و ماوە ماوە كردەوەی تیرۆریستی لە دژی هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەكان ئەنجام دەدەن.
bas news-
