لەیلا عەبدولجەبار: حکوومەت و پەرلەمان ھاوڕان لەسەر پرسی چاکسازی
لە کۆبوونەوەی ٣٠-٧-٢٠١٩ی ئەنجومەنی وەزیراندا، گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەیاسای چاکسازیی خانشینی و مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان کرا و بڕیار درا، گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە بکرێت و لە نزیکترین کاتدا بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان.
لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوی باشی ناوە بۆ ئەوەی چاکسازی بکات لە دامودەزگا حکوومیەکاندا و، چاکسازییەکانیش بۆ نەھێشتنی گەندەڵی و جیاوازیی مووچەیە."
لە چوار ساڵی ڕابردوودا زۆرترین مشتومڕ لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی بوو، لەیلا پێی وایە: "ئەوەی گرینگە حکوومەت و پەرلەمان ھاوڕان لەسەر پرسی چاکسازی، بەتایبەت ھەموو فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی کوردستانیش ھاودەنگ و یەکھەڵوێستن."
لەیلا عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەش دا: "وتاری سەرۆکی حکوومەت لە پەرلەمان و کۆبوونەوەکانی ئەم دووایەی ئەنجومەنی وەزیران، ھەموو خاڵەکان لەسەر بابەتی چاکسازی بوو، ئەو ڕێنماییانەشی کە ئەنجومەنی وەزیران دەریکردن ھەمووی پەیوەست بوون بە چاکسازی و ھەنگاوێکیش بوو، بۆ بەجێگەیاندنی چاکسازی."
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە بە دەستکاریکردنی یاسای چاکسازی و ڕەوانە کردنەوەی بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئەو ئەندام پەرلەمانەی فراکسیۆنی پارتییش دەڵێت: "ھەوڵی جددی لە لایەن سەرۆکی حکوومەتەوە ھەیە، ئێمەش پشتیوانی ئەو ھەوڵەی سەرۆکی حکوومەتین، بۆ ئەوەی گەندەڵی و نادادپەروەری لە ھەرێمی کوردستان بنبڕ بکرێت."
ناوبراو، کە ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستانە، ڕوونی کردەوە: "دەزگای دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان پێشنیاریان وایە کە دادگایەکی سەربەخۆیان ھەبێ، بۆ ئەوەی کەیسەکانی گەندەڵی یەکلا بکەنەوە، بەجێگەیاندنی ئەم ھەنگاوەش گرینگە، وەکو پەرلەمانیش دەمانەوێت لەسەر ئاستی کوردستان بە زووترین کات پرسەکانی گەندەڵی یەکلا بکەینەوە."
لەیلا عەبدولجەبار پێیشی وایە: "زۆرترین قسە لەسەر بابەتی خانەنشینیی پلە تایبەتاکانە، واتا خانەنشینانی پێشمەرگە و پەرلەمانتار و وەزیرەکان دەگرێتەوە. ھەروەھا نادادپەروەری بەگشتی لە دامەزراوەکاندا ھەیە، ھەوڵ دەدەین ئەو نێوانە نەمێنێ."
لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا گوتاری زۆرینەی فراکسیۆنەکانی پهرلهمان چاکسازی بوو، وەک لەیلا عەبدولجەبار دەڵێ: "ئامانجمان خزمەتکردنی ھاووڵاتییانە و پێشتریش ئەم بەڵێنەمان بە ھاووڵاتییان داوە، بۆیە دووای پشووی ھاوینە پرۆژەیاسای چاکسازی پەسەند دەکەین."
kdp-
