سەربازانی توركیا منداڵە شوانێكی كورد گوللەباران دەكەن
منداڵەكە لە ناوچەی شەمدینانی سەر بە هەكاری خەریكی شوانیەتی خۆی بووە، چەند سەربازێكی توركیا داویانەتە بەر دەسڕێژی گوللە و كوشتوویانە، دواتریش بۆ داپۆشینی تاوانەكەیان، دەڵێن پێیان گوتووە رابوەستێ و ئەویش راوەنەستاوە، بۆیە كوشتوویانە.
لەمبارەیەوە پارێزگاری شاری هەكاری راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و پشتگیری لە سەربازە توركەكان دەكات و دەڵێ ئەوان بە ئەركی خۆیان هەستاون و پێیان گوتووە بوەستە و نەوەستاوە، بۆیە كوشتوویانە.
ویداد قوتابی دواناوەندی بووە، بە هۆی ئەوەی ژیانی خانەوادەكەیان خراپ بووە، بۆیە هاوینان بۆ بژێوی كاری شوانی كردووە، بەڵام بووە قوربانی گوللەی سەربازانی تورك.
حاجی ئێكینجی ئامۆزای ویداد كە لە كاتی رووداوەكەدا ئەویشی لەگەڵ بووە و قسەی بۆ ماڵپەڕی (BBC)ی توركی كردووە و دەڵێ بە هۆی ئەوەی چەند ئاژەڵێكیان بۆ خواردن چوونەتە ئەوبەری سنوور، ناچاربوون بە دوای ئاژەڵەكەیاندا بڕۆن و سنوور ببەزێنن.
دەشڵێ ئەو قسانەی كە دەڵێن سەربازەكانی توركیا بە ئێمەیان گوتووە بوەستن، درۆیە، چونكە هەرگیز شتی وایان نەگوتووە. ئێمە پێشتر كاری قاچاخچیەتیمان كردووە، بەڵام دوای ئەوەی حكوومەت قەدەخەی كرد، ئێمەش دەستمان لەو كارە هەڵگرت.
ئاماژەشی بەوە داوە "من و ویداد بەیەكەوە بووین و كەسێكی تریشمان لەگەڵدا بوو، ئاژەڵەكانی ئێمە چوونە سنووری سەربازەكان و ئێمەش بە دوایاندا چووین، لەناكاو چەند سەربازێك هاتنە بەرامبەرمان و بەبێ ئەوەی بڵێن راوەستن، گوللەیان پێوەناین".
لە درێژەی قسەكانیدا ئاشكرای كرد كە ئەوان سێ سەربازیان بینیوە كە گوللەیان پێوە ناون، بەڵام بە كۆی گشتی ١٠ سەرباز لەوێ بوون، كاتێك ویدادیش لەوێ كوژراوە، هاواریان بۆ سەربازەكان كردووە تا یارمەتیان بدەن، بەڵام كەسیان بەهانایانەوە نەچوون.
لای خۆیەوە مەرال دانش بێشتاش ئەندام پەرلەمانی هەدەپە لەناو پەرلەمانی توركیا لەبارەی ئەو رووداوەوە چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی فوئاد ئۆكتای جێگری سەرۆك كۆماری توركیا كرد و گوتی ئەگەر سەربازی توركیا بە كەسێك بڵێ بوەستە و ئەویش نەوەستێ، ئایا چارەنووسی ئەو كەسە كوشتنە؟ هەروەها گوتی كێ ڕێگەی بە سەربازی تورك داوە، منداڵی كورد بكوژێ و كەسیش نەتوانێ لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات؟
تاوەكو ئێستە هیچ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە لایەن وەزارەتی بەرگریی توركیاوە دەرنەچووە تا لە رووداوەكە بپێچێتەوە، بۆیە دانش داوا دەكات بە زووترین كات لیژنەیەك پێك بهێنن تا خوێنی ویداد بە فیڕۆ نەڕوات.
باسنيوز
