كەركووك.. بریندارێكی هاوەنبارانەكەی هەفتەی رابردووی داقووق شەهید بوو

كەركووك.. بریندارێكی هاوەنبارانەكەی هەفتەی رابردووی داقووق شەهید بوو
لە نەخۆشخانەیەكی شاری كەركووك، بریندارێكی هاوەنبارانەكەی هەفتەی رابردووی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گوندێكی كوردنشینی سەر بە شارۆچكەی داقووق شەهید بوو.

ئازاد رۆستەم، بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە داقووق، ڕايگەیاند: "دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو، داعش بە هاوەن هێرشی كردە سەر گوندی (دارا)ی سنووری ناوچەی هەفتەغاری كوردنشین لە سنووری شارۆچكەی داقووق، ئافرەتێكی بە تەمەن بە ناوی (فەوزییە عەبدوڵا) شەهید بوو و كوڕێكیشی بە ناوی (فاروق عەباس عەزیز) بە سەختی برینداربوو، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە، ئەمڕۆ شەممە 3/8/2019، لە نەخۆشخانە لە شاری كەركووك شەهید بوو.

روونیشی كردەوە، كوڕێكی تەمەن پێنج ساڵانەشی بە هەمان شێوە بەهۆی بۆردومانەكەی چەند شەوی رابردووی داعش بۆ سەر گوندەكە بریندارە.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوەشی خستە ڕوو، جموجۆڵی داعش لە سنووری داقووق بەردەوامە و بە دیاریكراوی لە سنووری چەمی "رۆخانە"ن و ناوبەناو هاووڵاتیان و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان دەكەنە ئامانج.










باسنيوز
Top