تورکیا دەستگیرکردنی بەرپرسێکی پەکەکە ڕادەگەیەنێت
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (ئەنادۆڵو)ی سەر بە حکوومەتی تورکیا، دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە و هێزە ئەمنییەکانی شاری (بۆرسا)، لە چالاکییەکی سەربازیدا کەسێکیان بەناوی (م. س) دەستگیر کردووە.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنەکە، بانگەشەی ئەوە کراوە کە ئەو دەستگیکراوە، ڕێکخەری چالاکییەکانی پەکەکە - کەجەکە بووە لە ئەورووپا و لە نەرویج “لە ئاستی بەرپرسیارێتیی باڵادا چالاکیی رێکخراوەیی ئەنجام داوە”.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو بەرپرسەی پەکەکە لە ٢٧ی ٧ی ٢٠١٩ لە شاری بۆرسا دەستگیر کراوە و لە ٣١ی هەمان مانگدا دادگای تورکیا بە تۆمەتی (ئەندامبوون لە پەکەکە و کەجەکە) بڕیاری دەستبەسەرکردنی داوە.
لە ماوەی ڕابردوودا پاش کوژرانی دیار غەریب، سەرکردەی باڵای پەکەکە لەلایەن تورکیاوە، چەند چەکدارێک لە ڕێستورانی (حۆقەباز) لە هەولێر، کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا و دوو هاووڵاتیی سڤیلیان کوشت و دواتر دانیان بەوەدا نا کە پەکەکە کردەوەکەی پێ کردوون.
باسنيوز
