کورد چاوی لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی
لە ھەرسێ قۆناغی جێبەجێكردنی ماددەی 140 كە بریتین لە ئاساییكردنەوە و سەرژمێری و راپرسی، تەنیا قۆناغی یەكەم كە ئاساییكردنەوەیە بەشێكی جێبەجێكراوە، بەمەش دوای ساڵی 2007 توانرا ژمارەیەك لە كورد و توركمانە راگوێزراوەكان بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بگەڕێندرێنەوە.
محەمەد ئیحسان، وەزیری پێشووی ھەرێم دەڵێت، تا ئێستا ملیارێك و 150 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی ماددەكە خەرجکراوە، بەڵام لە دوای 2011ەوە، نوری مالكی ھەموو شتێكی راگرت و دوای ئەویش عەبادی درێژەی بە هەمان سیاسەتدا.
لە دواین پێشهاتدا، لەسەر داوای پەرلەمانی عێراق، دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا كە ماددەی 140ی دەستووری عێراق ماوە، ماددەكەش كۆتایی نایەت تا ئەو كاتەی جێبەجێدەكرێت.
دوای رووداوەکانی 16 ئۆكتۆبەر و ھاتنی سوپا و حەشدی شەعبی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، جارێكی دیكە پرۆسەی بە عەرەبکردن لەو ناوچانە دەستیپێكردەوە؛ بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای كەركووك، ھەموو ئەمانەش بە ھەوڵی پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك راكان جەبووری ئەنجامدران.
K24
