وەزارەتی دارایی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکانی دەرکرد
وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکانی پێش هاتنی جەژنی قوربان دەرکرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق، کە هاوکات جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیشە بۆ کاروباری ئابووری و تێیدا ئەوە خراوەتە ڕوو، "بەڕەچاوكردنی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و مادی هەموو فەرمابنەرانی دەوڵەت و بەبۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، وەزیری دارایی فەرمانگەی ژمێریاری راسپارد مووچەی هەموو فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەكانی حكومەت بەر لە هاتنی جەژنی قوربان دابەش بکەن".
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزیری دارایی ئاماژە بەوەش کراوە، کە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان بەپێی خشتەیەكی كاتی دەبێت بۆ هەموو یەكەكانی دارایی سەر بە وەزارەت.
پێشتر عابد مزووری، بەڕێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ڕاگەیاند: "ئەگەر حكوومەتی عێراقی پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەش بكات، ئەوە بڕە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەنێردرێت".
باسنیوز
