ئیدارەی گەرمیان: ئاسایش و پێشمەرگە ڕێگر بوون لە فراوانبوونی هێرشەكەی داعش

 ئیدارەی گەرمیان: ئاسایش و پێشمەرگە ڕێگر بوون لە فراوانبوونی هێرشەكەی داعش
ئیدارەی گەرمیان ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی چەكدارانی تیرۆریستی داعش بۆ سەر شارەدێیەكی سنوورەكە بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە ڕێگربوون لەوەی تیرۆریستانی داعش هێرشەكەیان فراوانتر بكەن و ئامانجەكانیان بپێكن.



لە ڕاگەیەندراوەكەی ئیدارەی گەرمیاندا كە ئەمڕۆ 1/8/2019 بڵاو كراوەتەوە و هاتووە: "شەوی ڕابردوو 31/7/2019 ژمارەیەك چەكداری ڕێكخراوی داعش لە بازگەی شارەدێی كوڵەجۆ (كۆكس)ی سنووری ئیدارەی گەرمیان، هێرشیان كردە سەر هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە و بەو هۆیەوە 4 كارمەندی ئاسایش و پێشمەرگە شەهیدبوون و 8 كەسی دیكەش بریندار بوون".



لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە "ڕۆڵی گەورەی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە بەرز دەنرخێنین كە گیانفیداییانە بەرگرییان كرد و ڕێگر بوون لەوەی تیرۆریستانی داعش هێرشەكەیان فراوانتر بكەن و ئامانجی پیس و گڵاویان بپێكن".



ئیدارەی گەرمیان، جەخت لەوە دەكاتەوە "هاونیشتمانیانی سنوورەكە دڵنیا دەكەینەوە كە هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە بە چاوكراوەیی و گیانفیدایی لە ئامادەباشیدان و ڕێگرن لەهەر كردەوەیەكی تیرۆریستی".



سمكۆ عەلی، بەڕێوەبەری ئاسایشی كوڵەجۆ، پێشتر لە لێدوانێكدا ڕوونی كردەوە "هێرشەكە لە ڕێگەی بۆردومان بە گوللە هاوەن و بۆمبی چێنراو و دەستڕێژی گوللەوە ئەنجام دراوە".




باسنیوز
Top