میخایل بەگدانۆڤ: ڕووسیا پاڵپشتی لە داخوازییە ڕەواكانی گەلی كورد دەكات

میخایل بەگدانۆڤ: ڕووسیا پاڵپشتی لە داخوازییە ڕەواكانی گەلی كورد دەكات
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە دیداریدا لەگەڵ شاندێكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی، رایگەیاند كە ڕووسیا بە گرینگییەوە لە مێژوو و خەباتی گەلی كوردستان دەڕوانێت و پاڵپشتی لە داخوازییە ڕەواكانیان دەكات.

شاندێكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، سەردانی ڕووسیای كرد بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفڕانسی ساڵانەی پارتە سیاسییەكانی ئاسیا ناسراو بە (ICAPP) و، چەندیدن دیاری دیكەیشی ئەنجام دا، لە نێویشیاندا جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا میخایل بەگدانۆڤ، پێشوازی لە شاندی پارتی كرد لە وەزارەتی دەرەوە.

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار سیوەیلی، سەرۆكایەتیی شاندێكی پارتیی كرد بۆ ڕووسیا و، یەكەم وێستەگەی سەردانەكەیشی، بەشداریكردنی بوو لە كۆنفراسی ساڵانەی پارتە سیاسییەكانی ئاسیا (ICAPP)، بەشداربووانی ئەو كۆنفڕانسە پێك هاتبوون لە 360 ئەندام كە لە 252 پارتی سیاسی لە كیشوەری ئاسیاوە هاتبوونە مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا و میوانداری كرابوون لە لایەن پارتی یەكگرتووی ڕووسیا كە ئێستا پارتی فەرمانڕەوایە لەو وڵاتەدا.

لە میانەی ئەو كۆنفڕانسەدا، هۆشیار سوەیلی وتارێكی پێشكەش كرد و باسی لە مێژووی پڕ لە نەهامەتیی گەلی كوردستان كرد لە سەد ساڵی رابردوودا و دوایینیشیان هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش بوو، كە بە شێوەیەكی وەحشیگەریانە هەزاران كەسیان كوشت و ملیۆنانیان دەربەدەر و ئاوارە كرد.

لە درێژەی وتارەكەیدا، سیوەیلی بۆ ئامادەبووانی شی كردەوە كە تیرۆریستان هەڕەشەن بۆ سەر ئاساییشی جیهان و پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە، بۆیە گرینگە هەمووان پێكەوە ڕووبەڕووی ئەم مەترسییە ببینەوە. لە درێژەی ئەو كۆنفڕانسەدا، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان دیداریان هەبوو لەگەڵ بەشێك لە بەشداربووانی كۆنفڕانسەكە و باس لە بەهێزكردنی پەیوەندیی دوولایەنە كرا بە مەبەستی لێكنزیكبوونەوە و كاری پێكەوەیی بۆ دروستكردنی پەیوەندیی نێوان هەردوولا كە لە بەرژەوەندیی هەردوو گەل و وڵاتدا بێت.

پاش كۆتاییهاتنی كۆنفڕانسەكە، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی بانگهێشتی دەزگای لێكۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی لە مۆسكۆ كران و پەناڵێكیان رێك خست كە چەندین كەسی سیاسی و دیپلۆماسی و شارەزا لە بارودوخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە بوون.

بەپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، بە وردی دواگۆڕانكارییە سیاسی و ئاساییشی و ئابوورییەكانی ناوچەكە بە گشتی و عێراق و كوردستانی بە تایبەتی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و، گفتوگۆیەكی كراوە و راشكاوانە لەسەر ڕەوشی ئێستا و داهاتووی ناوچەكە لەلایەن ئامادەبووان و شاندی پارتییەوە كرا.

هەمان ڕۆژ، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە سەنتەری ناوەندی هەواڵی مۆسكۆ بۆ بەرپرسی شاندی پارتی رێك خرا كە چەندین دەزگای مێدیایی ڕووسیا و وڵاتانی عەرەبی و كوردستان ئامادە بوون. هۆشیار سیوەیلی، باسی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستانی كرد و ئەو سیناریۆ و پێشهاتانەی كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا هاتوونەتە ئاراوە. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و هۆكاری كێشەكانی رابردوو، شێوازێكی نوێی كاری سیاسی و حوكمڕانی پێویستە، بۆیە دەبێت هەموو لایەك ڕێز لە ئەنجامەكان و دانوستانەكان بگرن و دەستوور بكرێتە بنەمای كار و پەیوەندییەكانی نێوان حیزبە سیاسییەكان بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی عێراق.

دەربارەی كوردستانیش، سیوەیلی ئەوەی راگەیاند كە پارتی دیموكراتی كوردستان چاوەڕوانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان دەكات پاشان سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات بە مەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان و كار و ئەركەكانی چوار ساڵی داهاتووی كابیەنەی نوێی حكوومەت.

هەروەها ئێوارەی رۆژی 29-10-2018 شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان میواندارییەكی بۆ بەشێك لە قوتابیانی كوردستان لە ڕووسیا ڕێك خست و باس لە گۆڕانكاری و بارودوخی ناوچەكە كرا. بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی داوای لە قوتابیان كرد كە ڕۆڵێكی باش بگێڕن لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و ڕووسیا و لە ڕووی زانستی و كولتوورییەوە و بیری هینانەوە كە نیشتمانەكەیان پێویستی پێیانە و دەبێت هەموو هەوڵ و كۆششێك بدەن و هیوای سەركەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی لە زانست و ژیاندا بۆ خواستن.

لە دواوێستگەی سەردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، ئەمڕۆ سێشەممە 30-10-2018، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیایان كرد و چاویان كەوت بە میخایل بەگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پوتین بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا. هۆشیار سوەیلی، سوپاسی پشتگیریی حكوومەتی ڕووسیا و بە تایبەتی سەرۆككۆماری ڕووسیای فیدراڵ ڤلادمیر پۆتین و وەزیری دەرەوە سێرگەی لاڤرڤی كرد بۆ گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

لەو دیدارەدا، گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و ڕووسیا كرا و، ڕووسیایش گاریگەریی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازی لە جیهان و بە تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و هەرێمی كوردستانیش پەیوەندییەكی بەهێزی دیپلۆماسی و ئابووریی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە و، بەردەوامیش هەوڵی فراوانكردن و بەرەوێشەوەچوونی زیاتر دەدات.

لەلای خۆیەوە، جێگری وەزیری دەرەوە میخایل بەگدانۆڤ، رایگەیاند كە ڕووسیا بە گرینگییەوە لە مێژوو و خەباتی گەلی كوردستان دەڕوانێت و پاڵپشتی لە داخوازییە ڕەواكانیان دەكات، پیرۆزبایی لە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی كرد لەمەڕ ئەو سەركەوتنانەی بەدەستیان هێناون لە هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەڕلەمانی كوردستان و، ئومێدی پەیوەندییەكی باشتر و بەهێزتری خواست لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق كە لەسەر بنەمای دەستور بنیات بنرێت و لەو ڕێگایەیشەوە بتواندرێت كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان چارە بكەن.

ئەو، هەروەها پشتگیریی وڵاتەكەیشی بۆ هەموو هاوكارییەك دووپات كردەوە و، گرینگی و كاریگەریی هێزی پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمی لە شەڕی تیرۆر بەرز نرخاند، كە ڕوڵی بەرچاویان هەبووە.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، باسی وزە و ئابووریی هەرێًمی كوردستان كرا و، سیوەیلی رایگەیاند كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو گەورەترین پارتی سیاسی لە كوردستاندا، هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەك دەكات بۆ كردنەوەی دەورازی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیای فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا.
kdp-
Top