یەکێتی ڕوونکردنەوە لەبارەی بەشداریکردنی قوباد تاڵەبانی و لاهوور جەنگی لە کۆبوونەوەیەک دەدا

 یەکێتی ڕوونکردنەوە لەبارەی بەشداریکردنی قوباد تاڵەبانی و لاهوور جەنگی لە کۆبوونەوەیەک دەدا
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھۆکاری بەشداریکردنی لاھوور جەنگی و قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی دەخاتە ڕوو.


ڕۆژی ٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەسەرپەرشتیی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ئەنجام درا، دواتر لەو وێنانەی کە بڵاوکرانەوە، دەرکەوت لاھوور جەنگی و قوباد تاڵەبانی، بەبێ ئەوەی هیچ پۆستێکی فەرمییان لە مەکتەبی سیاسی هەبێت، لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارییان کردووە. (باسنیوز)یش زانیویەتی کە لاهوور جەنگی لە جێگەی پاڤڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداری کردووە، هەرچەندە پاڤڵ تاڵەبانیش ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە نییە.


لەمبارەیەوە مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: ”ھەموو جارێک پاڤڵ تاڵەبانی لەبەر ئیش و کارەکانی دایکی بەشداری دەکات، بەڵام ئەمجارەیان چونکە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی دایکی لێرە نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک بابەت پەیوەندی بە زانیاری و ئیشی سەربازییەوە ھەیە، بۆیە لاھوور جەنگی لەوێ بووە“.

لەبارەی بەشداریکردنی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی، بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک ڕوون بکاتەوە، تەنیا گوتی: ”قوبادیش بەشدار بووە“.










باسنیوز
Top