یەکێتی لە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئاڵا تاڵەبانی پاشگەز دەبێتەوە
هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا ئاڵا تاڵەبانی بەهۆی عێراقچێتییە لەڕادەبەدەرەکەی و گەڕاندنەوەی ڕەچەڵەکی تاڵەبانییەکان بۆ سەر هۆزی بەنی ئەسەدی عەرەبی شیعە و دژایەتیکردنی خەونی سەربەخۆیی کوردستان، ڕەخنەیەکی زۆری هێنایەوە سەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام حزبەکە لەسەر خۆکاندیدکردنی ئاڵا تاڵەبانی لەسەر لیستێکی عەرەبیی عێراقی لە بەغدا، بڕیاری سڕکردنی دەرکرد. بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی ١٠ی ٢٠١٨ لە بڕیارەکەی پاشگەز بووەتەوە.
(باسنیوز) زانیویەتی کە لە کۆبوونەوەکەی دەباشان کە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی سەرپەرشتی دەکرد، بڕیاری گەڕاندنەوەی ئاڵا تاڵەبانی دراوە.
لەمبارەیەوە مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و ئاشکرای کرد کە ئەوانەی دەڵێن ئاڵا تاڵەبانی کراوەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، ڕاست ناکەن، بەڵام ”خۆم لە کۆبوونەوەکە بووم و بڕیار دراوە وەک ئەندامێکی سەرکردایەتی کارەکانی خۆی بکات“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە نازانێت هۆکاری گەڕاندنەوەکەی چییە، بەڵام ئاڵا تاڵەبانی ”خۆی نامەیەکی نووسیوە و نامەکە لە کۆبوونەوەکەدا خوێندرایەوە و هەمووان پێیان باش بوو بگەڕێتەوە سەرکردایەتی“.
باسنیوز
