گرووپێکی یەکێتی دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار بۆ رێگری لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک بەکار دێنن
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی بەرھەم ساڵح سەرکۆماری عێراق ئاشکرای کرد، باڵی تاڵەبانییەکانی ناو یەکێتی، کە دەستیان ھەبووە لە دانانی بەرھەم ساڵح بە سەرکۆماری عێراق، ھەوڵێکی چڕیان بۆ رازیکردنی تورکمان و عەرەبەکانی کەرکووک لەڕێگەی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە دەست پێ کردووە و سەرکردەی ھێزە عەرەبی و تورکمانییەکانی کەرکووک بانگھێشتی کۆشکی سەلام دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئەو گرووپەی ناو یەکێتی لەگەڵ بەرھەم ساڵح، بۆ وەرگرتنەوەی پارێزگاری کەرکووک ئامادەن ھەموو سازشێک بکەن، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانن رێژەی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ دەنگدان بە پارێزگارێکی دیکە کە کاندیدی خۆیان بێت، کۆ بکەنەوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو باڵەی یەکێتی ئامادەیە لەسەر تەواوی پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک، لەسەر بنەمای پڕۆژەی کۆنی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتی بە رێژەی (٣٣-٣٣-٣٣) بۆ ھەرسێ پێکھاتەی سەرەکیی کەرکووک رێک بکەوێ، تەنیا بەو مەرجەی پۆستی پارێزگاری شارەکە بە دەستی یەکێتییەوە بێت.
لەم بارەیەوە، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، بە ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز)ی راگەیاندووە، لەگەڵ بەرھەم ساڵح رێک کەوتوون، پێشمەرگە نەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک. گوتیشی: “بەپێی ڕێککەوتنەکە، فیرقەیەکی سەربازی لە پێکھاتەکانی پارێزگاکە پێک دەھێندرێت و ھێزەکە پەیوەست دەکرێت بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی عێراق و ناوخۆی پارێزگاکەوە، ئەگەری ئەوەش ھەیە، لە بودجەی ساڵی ٢٠١٩دا، پارەی بۆ تەرخان بکرێت”.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئەوان پێشوازی لە دەستپێشخەریی بەرھەم ساڵح، بە گوتەی خۆیان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن.
بەڵام، بەپێی زانیارییەکان، بۆ ئەوەی ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک تەواو ببێت، پێویستە ٢١ ئەندامی ئەنجومەنەکە ئامادەی کۆبوونەوەکە بن، کە تیایدا کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ھەڵبژێردرێت، لە دۆخێکدا ئەگەر عەرەبەکان لەلایەن ئەو گرووپەی ناو یەکێتییەوە رازی نەکرێن، ئەوە یەکێتی لەو ھەوڵەشی بۆ دانانەوەی پارێزگارێکی سەر بە خۆی لە کەرکووک شکست دەھێنێ، کە پێشتریش چەندین ھەوڵی وەھایان لەدوای خیانەتەکەی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە شکستی ھێناوە.
جوان ئیحسان، ئەندامی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رای گەیاند، کورسییەکانی کورد لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆی ٤١ کورسی، ٢٦ کورسییە و ئەگەر رێککەوتن ھەبێت، دەتوانن پۆستی پارێزگاری کەرکووک یەکلا بکەنەوە، گوتی: “دەنگدان بۆ ئەو پۆستە بە پەنجا کۆ یەک دەبێت”، گوتیشی: ”ئێمە ئاگەداری ھیچ ھەوڵێک نین بۆ دانانی پارێزگاری نوێ، تەنیا ئەوەندە نەبێت کە دەگوترێ، یەکێتی لە بەغداوە ئەو ھەوڵە دەدات، بەڵام ئەوەندەی زانیاریمان ھەبێت، تاوەکوو ئێستا نەگەیشتووەتە ڕێککەوتن لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان بەگشتی، لە ئەنجومەنی پارێزگاش تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە ھیچ کۆبوونەوەیەک بۆ ئەو مەبەستە بکرێت، ھەر گۆڕانکارییەک لە ئیدارە و سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگاردا بکرێ، بەپێی یاسا پێویستی بە دەنگی پەنجا کۆ یەکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ھەیە، کە ٢١ ئەندام دەکات لە کۆی ئەو ٤١ ئەندامە”.
لەدوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری رابردوو کە ھێزە عێراقییەکان بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم گەڕانەوە، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوای دوورخستنەوەی نەجمەدین کەریم لە پارێزگاریی کەرکووک، راکان سەعید، لە پێکھاتەی عەرەب بەوەکالەت لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک داندرا.
باسنيوز
