په‌رله‌مانتارانى كوردستان به‌ رێژه‌ى له‌سه‌دا 80ى مووچه‌كانيان خانه‌نشين ده‌كرێن

په‌رله‌مانتارانى كوردستان به‌ رێژه‌ى له‌سه‌دا 80ى مووچه‌كانيان خانه‌نشين ده‌كرێن
سه‌رۆكى فراكسيۆنى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌م خوله‌ى په‌رله‌ماندا، ئومێد خۆشناو، رايگه‌ياند، به‌ ياساى به‌ركار په‌رله‌مانتارانى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان خانه‌نشين ده‌كرێن.

، ئومێد خۆشناو باسى له‌ دوايين كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان كرد و ئاشكراشيكرد، ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مانتارانيش به‌ رێژه‌ى له‌سه‌دا 80ى مووچه‌كانيان خانه‌نشين ده‌كرێن، چونكه‌ ياساى چاكسازى له‌م خوله‌دا ده‌رنه‌چووه‌ و ده‌كرێت له‌ خولى داهاتوو ئيشى له‌سه‌ر بكرێت.

گوتيشى: ياساى به‌ركار هه‌ر ئه‌وه‌يه‌ كه‌ پێشتر وه‌زير و په‌رله‌مانتارانى پێ خانه‌نشين بوونه‌ و ده‌كرێت خولى داهاتوو ياساى چاكسازى په‌سند بكات و كارى پێ بكرێت.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، له‌ خولى داهاتوودا وه‌ك فراكسيۆنى پارتى ده‌ستبه‌ردارى پرۆژه‌ ياساى چاكسازى نابن و كار بۆ ده‌ركردنى ئه‌و ياسايه‌ ده‌كه‌ن.

پرۆژه‌ ياساى چاكسازى له‌م خوله‌ى په‌رله‌ماندا تاوتوێكرا و ده‌نگى له‌سه‌ر درا، به‌ڵام به‌ هۆى درووستبوونى ناڕه‌زايه‌تى له‌ هه‌مبه‌ر خانه‌نشينى په‌رله‌مانتاران به‌ شه‌ش مليۆن دينار، ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مان (جێگر و سكرتێر)ى په‌رله‌مان پڕۆژه‌ ياساكه‌يان گه‌ڕانده‌وه‌ هۆڵى دانيشتنه‌كانى په‌رله‌مان و دواتر هيچ دانيشتنێك بۆ تاوتوێكردنى پرۆژه‌ ياساكه‌ ئه‌نجام نه‌درا و چاره‌نووسى ئه‌و ياسايه‌ دواخرا بۆ خولى داهاتووى په‌رله‌مان.
k24-
Top