بازاڕی لەنگە لەسەر شێوازی پێشووی نۆژەن دەكرێتەوە

	 بازاڕی لەنگە لەسەر شێوازی پێشووی نۆژەن دەكرێتەوە
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت، دڵنیایی تەواو دەدەنە كاسبكارانی بازاڕی لەنگە كە بە زووترین كات بازاڕەكە لەسەر شێوازی پێشوو نۆژەن دەكرێتەوە. گوتیشی، سووتانی بازاڕەكە بە ھۆی شۆڕتی كارەباوە بووە.

پێوەست بە گڕگرتنی بازاڕی لەنگە، كە لە كۆی ٢٤٠٠ دووكان، ٨٠٠ دووكانیان سووتاون و زیانێكی زۆر بە كاسبكارانی ئەو بازاڕە كەوتووە، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، عەلی رەشید، لە لێدوانێكی مێدیاییدا ڕایگەیاند: "ھۆكاری سەرەكیی سووتانی بازاڕەكە، بە ھۆی شۆڕتی كارەباوە بووە، ھەروەھا لیژنەیەك بۆ سەرجەم بازاڕەكان پێك دێت، تاوەكو رێگە لە رووداوی ھاوشێوەی بازاڕی لەنگە بگیرێت و، دڵنیایی تەواویش دەدەینە كاسبكارانی بازاڕی لەنگە، كە بە زووترین كات بازاڕەكە لەسەر شێوازی پێشوو نۆژەن دەكرێتەوە و ئاسانكارییش بۆ كاسبكاران دەكرێت، داوا لە حكوومەتیش دەكەین قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكاتەوە".

ھەر سەبارەت بەو پرسە، پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی، ڕایگەیاند: "دووكاندارانی بازاڕی لەنگە، لەسەر ئەركی خۆیان دووكانەكانیان نۆژەن دەكەنەوە، بەڵام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەرجەم خزمەتگوزارییەكان و لەنێویشیاندا سیستمی ئاگركوژێنەوە بۆ بازاڕەكە دابین دەكات"
kdp-
Top