لە كەركووك میلیشیاكان بەبیانووی پشكنینی ماڵان هەڵدەكوتنە سەر گەڕەكی شۆریجە

 لە كەركووك میلیشیاكان بەبیانووی پشكنینی ماڵان هەڵدەكوتنە سەر گەڕەكی شۆریجە
بەبیانووی پشكنینی ماڵان، میلیشیا چەكدارەكانی كەركووك، هەڵدەكوتنە سەر گەڕەكی شۆریجەی كوردنشین لە كەركووك كە یەكێكە لە گەڕەكە گەورەكانی شارەكە.

ئەدهەم جومعە، بەرپرسی بزووتنەوەی مافی كورد لە كەركووك، ڕايگەیاند: "لە كاتژمێر 6ی بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 28/10/2018، هێزە ئەمنییەكانی ئێستای كەركووك، بە بیانووی پشكنینی ماڵان هەڵیانكوتاوەتە سەر ژمارەیەكی زۆر لە ماڵانی گەڕەكی شۆریجەی شاری كەركووك و چەكدارەكان كاتێك كە چوونەتە هەر ماڵێكەوە پشكنینێكی توندیان كردووە، واتا پێش ئەوەی پرسیار لە خاوەن ماڵەكە بكەن، یەكسەر دەستیان كردووە بە پشكنین و شتومەكی نێو ماڵەكانیان تێكداوە".

بەرپرسی بزووتنەوەی مافی كورد لە كەركووك، ئەوەشی خستە روو، کە پێشتر ئەگەر پشكنینیان بكردایە سەرەتا لە خاوەنی ماڵەكە دەیانپرسی و داوای ناسنامەیان لێ دەكرد، بەڵام ئەمجارەیان یەكسەر چونەتە ماڵەكانەوە و بە توندی دەستیان بە پشكین كردووە.

ئاشكرای كرد، کە پشكنینەكە تاوەكو نیوەڕۆ بەردەوام بووە و لە ئەنجامدا دەستیان گرتووە بەسەر چەند پارەچە چەكێكی سووكدا.

گەڕەكی شۆریجە یەكێكە لە گەڕەكە گەورە كوردنشینەكانی شاری كەركووك، لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتەكار داگیر كرد و لەو كاتەوە دۆخی ئەمنی شارەكە تێكچووە.











باسنيوز
Top