دەزگای بارزانی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی باڵەکایەتی دەکات

 دەزگای بارزانی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی باڵەکایەتی دەکات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی زیانلێکەوتوونی لافاوەکەی سنووری باڵەکایەتی و دۆڵی خانەقا دەکات.



دەزگاکە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) چەند وێنەیەکی زیانەکانی لافاوەکەی بڵاو کردووەتەوە و ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی هاوکاریی خێرخوازان بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر زیانلێکەوتوان، راگەیاندووە.



هەروەک لە پۆستەکەی دەزگای بارزانی لە فەیسبووک هاتووە، جگە لە گەیاندنی هاوکارییەکانی خێرخوازان بە زیانلێکەوتووان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر ئەرکی خۆیشی هاوکاریی ئەو خەڵکە دەکات.



لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەەوە، لافاوێکی گەورە دروست بوو و بەهۆیەوە دەیان خانوو و رەز و باخی هاووڵاتییان لە گوندەکانی سنووری باڵەکایەتی و دۆڵی خانەقا رووخان و خەڵکەکە ناچار بوون ناوچەکانیان بەجێ بهێڵن، جگە لە رووخان و کەوتنی چەندین پردی لاوەکیی گوندەکان.



دەزگای خێرخوازیی بارزانی رێکخراوێکی خێرخوازیی و بەهاناوەچوونی کوردستانییە. بەبێ گوێدانە رەگەز، ئاین، نەتەوە و ناوچەگەرێتی، هاوکارییەکانی دەگەیەنێتە قوربانییانی روواوەکان.



باسنيوز
Top