۱۰۰ ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران خەرج دەکرێت

 ۱۰۰ ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران خەرج دەکرێت
وەزیری داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لەسەر ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە داھاتی نەوت، ھەفتەی داھاتوو بڕی سەد ملیۆن دۆلار بۆ ئه‌و بەڵێندەرانه‌ی لە ھەرێمی کوردستان کاریان کردووە خه‌رج ده‌كرێ.

ڕێباز حەملان وەزیری داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیێکی دەست ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەوتووە دەڵێت: "لەسەر ڕەزامەندیی بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە داھاتی نەوتی ھەرێم، ھەفتەی داھاتوو دەست دەکرێت بە دابەشکردنی بڕی سەد ملیۆن دۆلار بۆ سەرجەم بەڵێندەران کە لە ھەرێمی کوردستان کاریان کردووە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان و یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان."

وەزیری دارایی هاوكات سوپاس بۆ خۆڕاگری و ھەڵوێست و کاری بەردەوامی سەرجەم بەڵێندەران ده‌كات، کە شانبەشانی مووچەخۆران شانیان دایە بەر سەرجەم بارگرانی و قەیرانەکان.

له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌كه‌دا هه‌روه‌ها سوپاس ھاونیشتمانیانی کوردستان كراوه‌ و دڵنیاییش ده‌دات كه‌ رۆژە سەختەکان بەرەو کۆتایی دەچن.
kdp-
Top