پەرلەمانتارێک: بەشێکی زۆری داواکارییەکانی پارتی پەیوەستە بە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک

 پەرلەمانتارێک: بەشێکی زۆری داواکارییەکانی پارتی پەیوەستە بە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، ئاماژە بەوە دەدات، کە 40%ی داواکارییەکانی پارتی لە دانووستانەکاندا پەیوەستە بە ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووکەوە.

محەمەد شاکر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: ”ئێمە چوار وەزارەتمان بە شایستەی خۆمان دەزانی، بەڵام ئەوەی هەیە ئێستا سێ وەزارەتە و ئەوەش پشکی پارتییە، دوو وەزارەتیان یەکلایی کراونەتەوە کە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ماوە“.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەشی خستە ڕوو، کە فواد حوسێن، هەم پۆستی وەزیری دارایی هەم جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری وەرگرتووە، بەنگین ڕێکانیش وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە دیاری کراوە، نەوزاد هادیش بۆ پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کاندیدە، بەهۆی شکانی نیسابی یاسایی لەلایەن لیستی سائیرون و چەند پەرلەمانتارێک نەتوانرا کۆبوونەوەکە بەردەوام بێت.

جەختی لەوەش کردەوە، کە تا ڕێژەی پارتی لە پەرلەمان و حکوومەت زیاتر بێت، ئەوا دەستکەوتی باشتر و داواکاری خەڵکی کوردستان زیاتر بەدەست دێت، ئەو هۆکارەش وای کرد پارتی داوای پۆستی سەرۆک کۆمار بکات، چونکە لە ڕابردوودا دوو دەسکەوت نییە کە سەرۆک کۆمارەکانی پێشتر بۆ کورد بەدەستیان هێنابێت، گوتیشی: ”بەڵام پارتی لەوێ بایە بەدڵنیاییەوە جیاواز دەبوو“.

لەبارەی ئەوە ئایا پۆستی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، لە چوار ساڵی ڕابردوو و چوار ساڵی ئایندە بەدەست پارتییەوە جیاواز دەبێت؟، محەمەد شاکر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەشی باس کرد کە بەدڵنیاییەوە، پارتی 40%ی داواکارییەکانی لە دانوستانەکانیدا بابەتی کەرکووک بووە، بەدانانی وەزیرێکی پارتی هەم قەرەبوو دەکرێنەوە، هەم کار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کار بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو شوێنانە دەکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی روون کردەوە، کە وەزیری پلاندانان و بەرگری بۆ سوننەکان دەبێت، وەزیری دەرەوەش بۆ شیعە دەبێ، بەکۆی گشتی 12 وەزارەت بۆ شیعەکانە، شەش وەزارەت بۆ سوننەکان، سێ وەزارەتیش بۆ کورد، یەک وەزارەتیش بۆ پێکهاتەی مەسیحییە.












باسنيوز
Top