پارتی: ئێمە بڕیار دەدەین حکوومەت لەگەڵ کام لایەن پێک دەهێنین

 پارتی: ئێمە بڕیار دەدەین حکوومەت لەگەڵ کام لایەن پێک دەهێنین
بەرپرسێکی پارتی، ئاماژە بەوە دەدات، کە لەماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا سەردانەکانیان بۆ لای لایەنەکان و گفتوگۆکانیان لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و پارتی بڕیار دەدا لەگەڵ کام لایەن حکوومەت پێک دەهێنێت.



بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند: بێشک دوای ئەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگاوە پەسەند دەکرێت، جموجۆڵ و ھاتوچۆی حزبەکان دەست پێ دەکات، بەڵام پەسەندکردنی ئەنجامەکان پێنج ڕۆژی پێ دەچێت“.



ڕوونیشی کردەوە، گەورەترین فراکسیۆن لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ پێکھێنانی حکوومەت ڕادەسپێردرێت کە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دوای ئەوەش پارتی لەگەڵ ئەو ھێزانەی کە پێیوایە لێیەوە نزیکن و دەکرێ پێکەوە ھاوکار بن، گفتوگۆ دەست پێ دەکات، ”مەرجیش نییە ھەموویان بێنە ناو حکوومەتەوە، بەڵام دەکرێ گفتوگۆ لەگەڵ ھەموویان بکرێ و ڕا گۆڕینەوە لەسەر چۆنیەتیی پێکھێنانی حکوومەت ھەبێت“.



بڵند ئیسماعیل، ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکراش کرد، ”پێشتر ڕێککەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ یەکێتی ھەبوو، بۆیە بەردەوام یەکێک لە ھەڵەکان ئەوە بوو کە سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کابینەی نوێی حکوومەت ڕادەسپێردران، بەڵام ئێستا لیستی براوە ڕادەسپێردرێت کە پارتییە“.





جەختیشی کردەوە کە لەو ماوەیەی پەرلەمان دیاری کردووە، ئەوا ”پارتی خۆی ئەو حزبانە دیاری دەکات کە حکوومەتیان لەگەڵ پێک دەهێنێت“.




باسنیوز
Top