سەرکردەیەکی باڵای عێراقی داوای پشتیوانیی سەرۆک بارزانی دەکات

 سەرکردەیەکی باڵای عێراقی داوای پشتیوانیی سەرۆک بارزانی دەکات
سەرکردەیەکی باڵای عێراقی داوای پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بۆ حکوومەتی نوێی وڵاتەکەی دەکات.



ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی ئیئتیلافی وەتەنییە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی وڵاتەکەیدا، رایگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەداری راسپێردراو بەپێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق توانای هەیە رۆڵێکی گرنگ لە داهاتووی عێراق بگێڕێت، بەو مەرجەی پشتیوانیی سیاسی هەبێت.



ئەیاد عەللاوی هەروەها رایگەیاندووە، کە پەیوەندیی بە سەرۆک مەسعود بارزانییەوە کردووە و داوای لێ کردووە پاڵپشتیی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بکات، لە وەڵامدا سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە، کە ئەویش لەگەڵ ئەوەیە پاڵپشتیی عەبدولمەهدی بکرێ و بەبێ پشتیوانی بە تەنیا بەجێ نەهێڵدرێت.



هەروەک ئەو سەرکردە عێراقییە رایگەیاندووە، سەرۆک بارزانی لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن عادل عەبدولمەهدییەوە رایگەیاندووە، ”ناكرێ ئێمە عەبدولمەھدی لەنێو قەفەسێك بكەین و پێی بڵێین ئەو كارە بكە و بێ پشتیوانیشی بھێڵینەوە“.



دوای نزیکەی پێنج مانگ لە هەڵبژاردن، رۆژی 2/10/2018 لایەنە عێراقییەکان رێککەوتن لەسەر راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەدار و سەرکردەی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، کە بەپێی دەستوور، ماوەی یەک مانگی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەی.



رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد.



بلسنیوز
Top