تاڵانکارانی نەوت لە هەولێر دەستگیر کران و لە سلێمانیش سێڵفییان لەگەڵدا دەگیرێت
ژمارەیەک کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە لەسەر کونکردنی نایاسایی بۆڕیی نەوت و بەتاڵانبردنی نەوت دەستگیر کراون و بەپێی یاساش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
چاودێران دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە لەم دۆسیەیەوە گلاون، بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ هێزە ئەمنییەکانی هەولێر دەزانن و ڕای دەگەیەنن کە ئەمە نیشانەی ڕێگەگرتنە لە بەتاڵانبردنی سامانی خەڵک و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکانی هەولێر، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن تاوانی لەم شێوەیە ئەنجام بدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڵگە و زانیاریی زۆر لەبەر دەستدا هەیە کە لە شاری سلێمانی و بە تایبەتیش هەریەک لە پاڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی و سەرانی دیکەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ڕێککەوتنێک نەوتی کەرکووک بەنایاسایی ڕەوانەی ئێران دەکەن و تاوەکوو ئێستاش ئەو کەسانە نەک هەر ڕێکاری یاساییان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر نەگیراوەتە بەر، بەڵکوو خۆیان بەرپرس و بڕیاردەری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانین.
هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بە شێوەیەکی پیشەییانە کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن و لە هیچ کەس و لایەنێک کە مامەڵەیەکی دەرەوەی یاسا بکات، سڵ ناکەنەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەشی بە بەڵگەی پیشەیی کارکردنی دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر لێک دایەوە.
