ئادەم گەڤەری: ١٦ی ئۆکتۆبەر خەنجەرێک بوو لەیەکڕیزی کورد درا
لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە ساڵیک تێپەر دەبێت بەسەر ئەو خیانەتەی گەورەیەی لە لایەن تاقمێکی خیانەتکاری نێو لایەنێکی دیارکراوی کوردستان بووە هۆکاری ئەوەی کەرکووک ڕادەستی حەشدی شەعبی کرا. لەو بارەیەوە، ئادەم گەڤەری، گوتى: "کورد هەمیشە لە مێژوودا ڕووبەڕووی خیانەت بووە و لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابڕدووشدا خیانەتێکی گەورە لە کورد کرا و کوردی زۆر برینداری کرد."
گەڤەری ئەندامی پێشووری پەرلەمانی تورکیا بوو لە سەر لیستی هەدەپە، دەڵێت: "لە خیانەتە گەورەکەشدا ئامانجی دوژمن ئەوە بوو شتێک بە ناوی گەلی کورد نەمێنێت، کەچی سەرۆک بارزانی ئەو خەونەی لە گۆڕ نا و نەیهێشت ئەو خەونە جێبەجێ بێت."
گەڤەری دەشڵێت: "لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا کورد نەک تەنیا چەندین ناوچەی لەدەست دا، بگرە لە ڕووی سایکۆلۆجی و سیاسییەوە ڕووبەڕووی کێشە بووەوە و ئەمە خەنجەرێک بوو لە یەکڕێزیی کورد درا."
بە گوتەی گەڤەری: "کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا پێشکەوتنی زۆری بەخۆەوە بینیبوو و لە هەرێمی کوردستانیشدا ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کردبوو، کە دەستکەوتێکی گەورەی گەلی کورد بوو و مافێکی ڕەواش بوو و ئێستاش کورد هەرگیز پاشگەز نابێتەوە لەو مافە."
حەشدی شەعبی و بە هاوکاریی هێزە نێوخۆیی و دەرەکییەکان ویستیان هەموو دەستکەوتەکانی کورد لە نێو ببەن، بەڵام پارتی و بارزانی خەونەکانیان لەنێو بردن و چەندین داستانی گەورەیان تۆمار کرد.
KDP
