عیرفان كەركووكی: كەركووك سەربازگەیە و رۆژ بە رۆژیش خراپتر دەبێت

عیرفان كەركووكی: كەركووك سەربازگەیە و رۆژ بە رۆژیش خراپتر دەبێت
ئەندامێكی توركمانی لیستی برایەتیی كەركووك دەڵێ، خەڵكی كەركووك لە بارودۆخێكی خراپدا دەژین، ڕەوشی ئێستای كەركووك قابیلی قبووڵ نییە و دەبێت بارودۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە.

نزیكەی ساڵێك بەسەر داگیركردنی كەركووكدا تێپەڕ دەبێت، كە لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 باڵێكی لایەنێكی سیاسیی كوردستانی خیانەتی كرد و حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان دەستیان بەسەر شارەكەدا گرت و خەڵكی شارەكە ئاوارە بوون، كە تا ئێستایش بارودۆخی شارەكە ئاسایی نەبووەتەوە و رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت و لە ترسی دزی و كوشتن و تاڵان، خەڵك خانووەكانی خۆیان دەفرۆشن و ئاوارە دەبن.

عیرفان كەركووكی، ئەندامی توركمانی لیستی برایەتیی كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "پێمان خۆشە ئەنجوومەن كارا بكرێتەوە، بەڵام پێش ئەوە دەبێت بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، كەركووك بگەڕێتەوە پێش دۆخی 16ی ئۆكتۆبەر، ئێستا كەركووك وەك سەربازگەیەكی گەورەی لێ هاتووە، خەڵك لەناو زیندانێكی گەورەدا دەژین، پڕۆژەی خزمەتگوزاری نییە، بارودۆخی ئەمنی خراپە، خەڵك رۆژانە پەیوەندیمان پێوە دەكەن و دەڵێن، ڕەوشی ئێمە زۆر خراپە، رۆژانە خەڵك خانووی خۆیان دەفرۆشن و ئاواری ناوچەكانی دیكە دەبن، ئەوەش بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستا لە كەركووك هەیە دەگەڕێتەوە، بۆیە ڕەوشی ئێستای كەركووك قابیلی قبووڵ نییە".

كەركووكی، ئاماژەیشی دا: "ئەنجوومەن چۆن دەتوانێت كار بكات ئەگەر كەركووك داگیر كرابێت و بارودۆخ ئاسایی نەبێتەوە، بۆیە زۆر زەحمەتە، ماڵ و بارەگای ئێمە داگیر كراون، ماڵی سەرۆكی لیستی برایەتی داگیر كراوە و حەشدی شەعبی تێدایە، بۆیە ناتوانین بەو بارودۆخە لەناو ئەنجوومەندا كۆبوونەوە بكەین".


kdp-
Top